M.mahdi

مه‌هدی مسته‌فا: له‌ راهێنانی پێداگۆجیدا، سه‌رنجمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فێرخوازان ببنه‌ خاوەنی پۆل و بە هەستێکی بەرپرسیارانەوە بەشدار بن لە بەرەوپێشوەچوون و سەرخستنی پڕۆسەی ئەکادیمی

 

لانیكه‌م له‌ دووساڵی رابردوودا، روانگه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌كادیمی له‌ زانكۆكانی كوردستاندا، هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌. به‌ تایبه‌تی له‌وشوێنه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ راهێنانی ستافی ئه‌كادیمی بۆ چۆنییه‌تی به‌رهه‌مداركردن و داینه‌میك كردنی ژینگه‌ی خوێندن. ئه‌م روانگه‌ نوێیه‌ كه‌ له‌ژێر ناوی راهێنانی پێداگۆجی ده‌ناسرێ و شوێنگره‌وه‌ی رێگاكانی وانه‌گووتنه‌وه‌ی رابردووه‌، كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ خویندن ده‌كات، كه‌ به‌رهه‌مداری ئه‌و ژینگه‌یه‌ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆ‌لۆژیا و ئامرازه‌ جیاوازه‌كانی خوێندن و فێركردنه‌وه‌ بگره‌، تا چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی مامۆستا و فێركاران له‌گه‌ڵ قوتابییان و هه‌روه‌ها به‌ سه‌نته‌ركردنی قوتابییان له‌ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی راگه‌یاندنی زانكۆ، سه‌باره‌ت به‌ چییه‌تی راهێنانی پێداگۆجی و چۆنیه‌تی هاتنه‌كایه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌، به‌ڕێز "م. مه‌هدی مسته‌فا" بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی له‌ زانكۆی سۆران، گوتی، "‌ وەک ئاگادارن لە ساڵانی ڕابردوو، کۆرسی ڕێگاکانی وانەووتنەوە بۆ هەڵگرانی ماستەر ودکتۆرا بەڕێوه‌دەچوو، کە ماوەکەی تەنیا سێ مانگ بوو. دواتر ناوی کۆرسەکە لە ڕێگاکانی وانەووتنەوە گۆڕا بۆ کۆرسی پەرەپێدانی توانای ئەکادیمی، کە ماوەکەی شەش مانگ بوو. ئەو کۆرسەش تەنیا دوو ساڵ بەردەوام بوو و دووبارە بیر لە پێوستی گۆڕانکاری کرایەوە لە بواری ڕێگاکانی وانەووتنەوە، کە ئەمجارەیان کۆرسی پێداگۆجی هاتەکایەوە." له‌ درێژه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری پێداگۆجی، گوتی، "لە ڕاستیدا پێداگۆجی دەرهاوێشتەی زەروورەتی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێکی زانستی بوو لە بواری ڕێگاکانی وانەووتنەوە، کە پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنەوەیەکی قووڵ و، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی فینلەندا، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."

له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیاوازی پێداگۆجی و كۆرسه‌كانی پێشتر، مامۆستا مه‌هدی گوتی، " لە نێو پێداگۆجی دا بە پێچەوانەی ڕابردوو، فێرخواز دەکرێتە سەنتەری کڵاس و مامۆستاکان تەنیا ڕۆڵی ڕێنیشاندەر و هاوکار و چاودێر دەبینن لە پڕۆسەی فێرکردن دا. بە مانایەکی تر، فێرخوازان دەبنە خاوەنی پۆل و بە هەستێکی بەرپرسیارانەوە بەشدار دەبن لە بەرەوپێشچوون و سەرخستنی پڕۆسەی ئەکادیمی. لە پێداگۆجی دا دەرفەتی ئەوە بۆ فێرخواز دەڕەخسێت، کە بە ئاوێتە بوون لە گەڵ دەرس دا، بە قووڵی لە بابەتەکان تێبگات و ئاسۆی بیرکردنەوەی ئەکادیمی فراوان بێت و بتوانێت داهێنان بکات لە بواری پسپۆڕی خۆیدا." له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یاندا، ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "ئامانجی پێداگۆجی ئەوەیە کە لە هەموو بوارەکانی دەروونزانی، پەروەردەیی و ئاشناکردنی فێرخوازان لەگەڵ تەکنۆلۆژیای زانیاری، تاکێکی ئەکادیمی بەهێز ئامادە بکات، کە بتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە."

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی پێداگۆجی له‌ به‌سه‌نته‌ركردنی قوتابییان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری راهێنانی پێداگۆجی زانكۆی سۆران گوتی، " پێداگۆجی سه‌رنج لە سەر ئەوە چڕ دەکاتەوە کە قوتابیان بتوانن لە بواری پسپۆڕی خۆیان داهێنان بکەن و بتوانن پردێک لە نێوان کڵاس و واقعی کۆمەڵگە درووست بکەن، بە جۆرێک کە لە دوای تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ، دەرفەتی بەدەستهێنانی کاریان هەبێت و بتوانن ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن لە پڕ کردنەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە. یان به‌ مانایه‌كی تر، تاکێکی بەرپرس و داهێنەر بە ژێرخانێکی مەعریفی بەهێز ئامادە و پەروەردە دەکرێت، کە پێشەنگ و داهێنەر بێت لە زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دا."

له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشوازی به‌شدارانی كۆرسه‌كانی پێداگۆجی و فیدباكیان، م. مه‌هدی گوتی، "ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای دەرچووانی پێداگۆجی لە سه‌نتەرەکانی پێداگۆجی زانکۆکانی کوردستان لەو دوو ساڵەدا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێداگۆجی بۆ زۆربەی بەشداربووان، ئەزموونێکی نوێی ئەکادیمی بووە و، توانیویانە سوودمەند بن لە ناوەڕۆکی کۆرسەکان و، پەرە بە توانای ئەکادیمی خۆیان بدەن و، له‌ ئێستاشدا كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر سكه‌ی خۆی و به‌ سه‌رنجدان له‌ ئه‌پده‌یتكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام، چاوه‌ڕوانده‌كرێت زیاتر سه‌ركه‌وتوو بێت."

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بگوترێ، كه‌ تا ئیستا دوو كۆمه‌ڵه‌ له‌ مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و بابه‌ته‌، ره‌وانه‌ی وڵاتی فینله‌ندا كراون.

پڕۆفایل: مه‌هدی مسته‌فا فه‌قێ ئه‌حمه‌د، له‌دایكبووی ساڵی 1987ی شاری رواندزه‌.خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماستەره‌ لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان و ئیستاش قوتابی دکتۆرایه‌  له‌ هه‌مان بواردا.