دوای ئەوەی زانکۆ سۆران بە هاوکاری رێكخراوی IREX و هەماهەنگی زانکۆی سێنترەڵ فلۆریدا University of Central Florida پڕۆژەی Model UNی بردەوە، پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

 رۆژی چوارشەممە ١٦ ی ئەیلول ٢٠٢٠ به‌ڕێز"د. هێمن میرانی" راگری فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن، بە نوێنەرایەتی زانکۆی سۆران، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی تیمی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە کرد.

سەرەتا بەڕێز "محەمەد شوانی" کە بەڕێوەبه‌ری جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە، باسی لە تەوەرەکانی پڕۆژەکە کرد و ئەرکەکان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر دابەشکران. دواتر ئامادەبووان بە وردی تاوتوێی ئەو کۆرسانەیان کرد، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەستپێبکرێن و جەخت لەوە کرایەوە، کە ئەو کۆرسانە وەکو کۆرسی زیادە لە پاڵ کۆرسەکانی زانکۆ ببنە کۆرسی بەردەوام، لە پێناوی پیشخستنی تواناکانی قوتابییانی زانکۆی سۆران، بۆ ئەوەی دوای دەرچوون بە لێهاتوویی سەردەمییەوە بۆ بازاڕەکانی کارکردن ئامادە بن. وێڕای کۆرسەکان، بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتی دەبێت لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی Model UN کە پێشبینیدەکرێت لە بەهاری ساڵی ٢٠٢١، لە کەمپی زانکۆی سۆران بە ئامادەبوونی تیمی زانکۆی سێنترەڵ فلۆریدا و ڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت. شیاوی باسە هاوشێوەی ئەو پڕۆژه‌یه‌، ساڵانە له‌ چەندین وڵاتدا جێبەجێدەکرێ و زیاتر لە ٥٠٠،٠٠٠ قوتابی لە سەر ئاستی دونیا، ساڵانە لە کۆنفرانسی جۆراوجۆردا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو پرس و بابەتە زیندوو و گرنگانەی، کە دیپلۆماتەکان تاوتوێیان دەکەن.