ره‌نگه وێناكردنی بوون و په‌رستشی هه‌ر شتێك، له ده‌ره‌وه‌ی زمان، مانایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێ، یان ئاسته‌م بكه‌وێته به‌رچاو. ئه‌گه‌ر چاوێك به زۆربه‌ی ئاینه‌كانی سه‌ر رووی زه‌وی بخشێنین، چ ئاسمانییه‌كان و چ زه‌مینییه‌كان، ده‌بینین كه هه‌ر هه‌موویان مانیفێست، یان كتێبێكی پیرۆزی خۆیان هه‌یه. ئه‌مه واته زمانێكی تایبه‌تیان هه‌یه.
زمان بۆ ئه‌وان، ته‌نیا گه‌یێنه‌ری په‌یام و نیشاندانی پیرۆزی دینه‌كان نییه، به‌ڵكو دواجار ده‌بێته خودی یه‌كێك له پیرۆزترین شته‌كانیان. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه، كاتێك كه باس له دینه جیاوازه‌كان و ناوه‌رۆكه‌كانیان ده‌كه‌ین، هه‌ر قسه‌یه‌ك كه له‌وباره‌وه ده‌كرێ و هه‌ر راڤه‌یه‌ك كه نیشانده‌درێ، دواجار به ته‌فسیر یان لێكدانه‌وه‌ی مانا پیرۆزه‌كانی ده‌قه‌كه لێكده‌درێته‌وه. یان ته‌نانه‌ت پیرۆزی و مه‌زنی و قوڵی هه‌ندێكیان، به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌وه، كه هه‌موو كه‌س ناتوانێ له زمانه‌كه‌یان بگات به ئاسانی. بۆیه به‌رده‌وام مه‌سه‌له‌ی توێژینه‌وه له زمان و رامان له زمانی ئاینه‌كان، بابه‌تێكی گرنگ بووه به درێژایی مێژوو.
له نوێترین كاری خۆیدا، "پڕۆفیسۆر د. قه‌یس كاكل" مامۆستای به‌شی زمانی كوردی و پسپۆڕی زمانه‌وانی له فاكه‌ڵتی ئاداب، كتێبێكی به ناونیشانی (زمان و ئاین) بڵاوكرده‌وه.
د. قه‌یس له لێدوانێكدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆ، تیشكی خسته سه‌ر كتێبه‌كه‌ی و له سه‌ره‌تادا، سه‌باره‌ت به هۆكاری لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، گوتی " گه‌لی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی موسوڵمانن. رۆژانه زمانی عه‌ره‌بی بۆ په‌رستن و سرووت و رێوڕه‌سمه ئاینیه‌كانیان به‌كارده‌هێنن و تێگه‌یشتنێكی ئاینیان بۆ زمانه‌كه هه‌یه. وشه و زاراوه و ده‌ربڕینه ئاینییه‌كان، وه‌ك راستییه زمانه‌وانه‌ییه‌كه نابینن. به‌ڵكوبه‌شێوه‌یه‌كی پیرۆز و ته‌لیسماوی سه‌یری ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی وشه‌كان، ده‌ربڕینه‌كان، وه‌ك هه‌ر دیارده‌یه‌كی زمانی ده‌شێت لێیانبكۆڵدرێته‌وه و بنج و بناوانیان بدۆزرێته‌وه و، هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر هه‌ندێك چه‌مك بكرێت، كه لێكدانه‌وه‌یه‌كی زمانه‌وانی دوور له هه‌ست و سۆز و پیرۆزی بۆ بكرێت." كه وه‌ك باسی لێوه‌كرد، ئه‌م كتێبه به‌و مه‌به‌سته نووسراوه.
ئه‌و پڕۆفیسۆره‌ی زمانی كوردی، باوه‌ڕی وایه كه زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵێنجان و مامه‌ڵه نوێیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئایندا ده‌كرێن، له رێگه‌ی راڤه و لێكدانه‌وه‌ی زمانییه‌وه ده‌كرێنن. كه هه‌ر ئه‌م راڤه و لێكدانه‌وانه مه‌ودای زه‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێنن و دواجار تێگه‌یشتنی نوێ بۆ چۆنیه‌تی سه‌یر كردنی زمانه‌كه ده‌هێننه كایه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، به‌ڕێزیان به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر زمانی ئاین و ئاین ده‌گوترێ و ده‌نووسرێ، گوتی، " ویستم تێڕوانینێكی زمانه‌وانی بۆ هه‌ندێك دیارده‌ی زمانی له ئایندا بخه‌مه‌ڕوو."
هه‌ر له درێژه‌دا، پڕۆفیسۆر د. قه‌یس، باسی له‌وه كرد، كه ئه‌م به‌رهه‌مه مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه كه به چاوی ره‌خنه‌وه سه‌یری عه‌قیده و باوه‌ڕ و تێگه‌یشتنی ئاینی بكات و، به پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا له روانگه‌ی زمانه‌وانییه‌وه، سه‌رنجی چه‌ند لایه‌نێكی زمانی ئاین دراوه و، تا له‌وێوه مه‌سه‌له‌ی پیرۆزی زمان، به‌وشێوه‌ی كه هه‌ندێك له زانایانی ئاینی باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، له روانگه‌یه‌كی تره‌وه بخاته‌به‌رچاو.
پێویسته بگوترێ، له ناو ئه‌م كتیبه‌دا، به سه‌رنجدان له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی زمانه‌وانی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی په‌یوه‌ست به زمانی ئاین باسیان لێوه‌كراوه، وه‌كو: پێوه‌ندی نێوان ناو و ناولێنراو، واتا له نێوان فه‌رهه‌نگ و پیرۆزیدا(سه‌ڵاوات. بیسمیل، شه‌هاده)، گه‌وه‌ریی خودا. بنه‌چه و گۆڕانی وشه(جه‌هه‌نه‌م، عه‌ده‌ن، ئینجیل، عیسا) و چه‌ندین بابه‌تی تر.