ئیحسان شه‌ریف: تاکو ئێستا لە کوردستان نەتوانراوە سوود لە هەر سێ بواری کشتوکاڵی، پیشەسازی و زانیاری وەربگیرێت بۆ رەخساندی هەلی کار یاخود گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان بە گشتی

Ehsan Sharif

 

كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بازاڕ و كاری تاك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیان و بژێوی رۆژانه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ ئاڵۆز و پڕ قسه‌كانی رۆژ. ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ جۆرێكی لێهاتووه‌، كه‌ ئاستی جێگیری كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و ئابووری هه‌ر وڵاتێك په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه‌.  هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی له‌ حاڵی گه‌شه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانین كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ ببینین.

مامۆستایه‌كی زانكۆی سۆران و پسپۆڕێكی بواری به‌ڕێوه‌بردنیش، تیشك ده‌خاته‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ بازاڕی كاری كوردستان و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌وشێوه‌ی كه‌ پێویسته‌،  بازاڕی كاری خۆی پڕ به‌رهه‌م وهه‌لی كار بۆ تاكه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات.

م. ئیحسان شه‌ریف، كه‌ مامۆستای سكوڵی به‌رێوه‌بردن له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنه‌، له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاستی سه‌ركه‌وتوویی بازاڕی كار له‌ كوردستان له‌ دابینكردنی هه‌لی كار، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قۆناغه‌كانی كاركردن له‌ میژووی مرۆڤایه‌تیدا، كه‌ قۆناغه‌كانی سه‌رده‌می كشتوكاڵی، پیشه‌سازی و زانیارین، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، له‌ هه‌ریه‌ك له‌و سه‌رده‌مانه‌دا، گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌دیهاتوون و ئاسۆ و هه‌لی كاركردنی مرۆڤیان زیاتر كردووه‌. به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی زانیاریدا، له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ تا ئێستا، ئه‌و هه‌له‌ زۆر زیاتر و فراوانتر بووه‌. بۆیه‌ له‌ روانگه‌ی ناوبراوه‌وه‌، تاکو ئێستا لە کوردستان نەتوانراوە سوود لە هەر سێ بواری کشتوکاڵی، پیشەسازی و زانیاری وەربگیرێت بۆ رەخساندی هەڵی کار یاخود گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان بە گشتی.

بێگومان نه‌بوونی ئه‌م توانای سوودلێوه‌رگرتنه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری به‌ڕێوه‌بردن پۆلێنیان ده‌كات بۆ چه‌ند لایه‌نێك، كه‌ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌، جێگیر نه‌بوونی باروودۆحی ئابووری و سیاسییه‌ له‌ كوردستان، كه‌ كارێكی وای كردووه‌ سه‌رمایه‌داران بڕوایان به‌ وه‌به‌رهێنان نه‌بێ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گونجاو نه‌بوونی یاسا و رێكاره‌كانی بازاڕی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌شێكی زۆریان له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی ئاساییدا نین و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ خزمه‌تی كه‌سانی خاوه‌ن پله‌و پۆستدان و حكومه‌ت كارێكی وا ناكات كه‌ پشتگیری هاوڵاتی ئاسایی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن بزنسی تایبه‌ت به‌ خۆی.

م. ئیحسان، به‌شێكی تری كێشه‌ی بازاڕی كاری كوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ زانكۆكان. له‌ روانگه‌ی ناوبراوه‌وه‌، زانكۆكانی كوردستان نەک نەیانتوانیوە کێشەکانی بازار کەم بکەونەوە، تەنانەت بوونه‌ته‌  سەرچاوەی درووستبوونی ژمارەیەک کێشە و گرفتیش. لەبەرچاوترینی ئەم کێشانەش، زیادکردنی ژمارەی کەسانی خاوەن بروانامەی بێکارە. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ركابه‌رییه‌ نەرێنییە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، کە ئێستا زۆر بووە لە ناو زانکۆکاندا و بووه‌تە هۆی ئەوەی زانکۆکان، تەنیا بیر لە یەکەم بوونی شوێن و پێگه‌ی خۆیان بکەنەوە، بە بێ گرنگیدان بە فێرکردن و ئامادەکردنی قوتابییان بۆ بازاڕی کار. بۆ نموونە، مامۆستایان هاندەدرێن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە، به‌ڵام تیشك ناخرێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان په‌یوه‌ست بن چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك، یان سوودی خێرایان هەبێت بۆ باروودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان. هەروەها زیادبوونی دیاردەی بازرگانی کردن و پیاوچاکی کردن بە بروانامەی خوێندن رۆژ لە دووای رۆژ لە زیادبووندایە.

دواجار ناوبراو باس له‌وه‌ ده‌كات، پێویسته‌ ئه‌م پرسیارانه‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، كه‌ ئایا ئه‌و قوتابییانەی تەنیا بڕوانەمەیان وەرگرتووە، چۆن بتوانن لە ناو بازاڕی کاردا کار بکەن؟ ئه‌و مامۆستایانەی کە تەنیا پارە هۆکار بووە بڕوانامەی ماستەر و دکتورا به‌ده‌ستبێنن، جا لە ناو کوردستان بێت یاخود دەره‌وەی کوردستان، چۆن بتوانن قوتابییان ئامادە بکەن بۆ بازاری کار؟ بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆكان له‌ كوردستان، به‌دووره‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنێكی زانستی، كه‌ ئامانجه‌كه‌ی په‌ره‌پێدانی توانای مرۆیی بێت. 

دوایین لایه‌ن و ره‌نگه‌ گرنگترینی ئه‌و كێشانه‌، وه‌ك ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سۆران ئاماژه‌ی پێكرد، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆدی تاکەکانی کۆمەلگەکه‌مان، کە نەیانتوانیوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ بازاری کار. ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانمان رۆژانە بەدەیان کاتژمێر خەریکی گەمەی ئۆنلاین، گەڕانی بێ سوود لە ناو تۆڕه‌ کۆمەڵایەتییەکان و چەندین کاری هاوشێوەن. نەبوونی سەرمایەی پێویست، نەبوونی توانای پێویست، پسپۆڕی، ئەزموون و شارەزایی لە بزنس  و، ترسی زۆر لە دەستپێکردنی کاری بزنس، بریتین لە کۆمەڵێک هۆکاری تا تاك ببێته‌ خاوه‌ن بزنسی خۆی.

له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شدا، م. ئیحسان شه‌ریف، مامۆستای سكوڵی به‌ڕێوه‌بردن له‌ زانكۆی سۆران، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ چ بكرێ تا ببینه‌ خاوه‌نی بازاڕێكی كاری سه‌ركه‌وتوو، گوتی، " پێویستە حکومەت پاڵپشتی هاوڵاتیان بکات و یارمەتیدەریان بێت بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی بزنسی خۆیان،  ئەمەش دەکرێت لە رێگەی پێدانی قەرزی بچوک، پەرەپێدانی کشتووکال، ئاسانکاری کردن و یارمەتیدانی هاوڵاتیان بۆ درووستکردنی کارگەی جیاواز، گۆنجاندنی بارۆدۆخی کارکردنی کوردستان لەگەڵ سەرده‌می زانیاری، بۆ نموونە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی پەیوەست بە بازاڕی کار لە سەردەمی زانیاریدا، وەک سیستەمێکی بانکی ئۆنلاین کە بێ بەرامبەر و بڕوا پێکراو بێت لە سەرتاسەری کوردستان یاخود دانانی سیستەمی  پۆست کۆد لە سەرتاسەتی کوردستان. دانانی سنوورێک بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە دەره‌وەی ولات، رێگە گرتن لە کەسانی خاوەن پۆست و پلە بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت.

 ئەمانەش نەک تەنیا کاریگەرییان دەبێت لەسەر زیاتر کردنی دەرفەتی کار و باشتر بوونی باری ئابووری کوردستان، بەڵکو کاریگەریشی دەبێت لەسەر سەقامگیری باری سیاسی و ناوخۆی کوردستان. هاوڵاتییانی ئاسایی دەبنە خاوەن بەرژوەندی لە ناو حکومەت و خۆیان بە خاوەن حکومەت دەزانن، نەک تەنیا کەسانی خاوەن دەسەلات و پۆست بە خاوەنی حکومەت بزانن.

له‌ درێژه‌دا، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ گوتی، "پێویسته‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌ فێركارییه‌كان، زیاتر  گرنگی بە لایەنی پراکتیکی بدەن، نەک تەنیا تێۆری بە تایبەت لە بەشەکانی وەک بزنسدا. کەرتی تایبەت پێویستە زیاتر بیر لە بەرهەمی ناوخۆ بکاتەوە، سوود لە توانای کەسانی پسپۆر و کارامە وەربگرێت. هه‌روه‌ها تاكه‌كان پێویستە پەرە بە تواناکانیان بدەن، به‌ به‌شداریكردن له‌ كۆرسه‌ فێركارییه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ لێهاتووییه‌كانی خۆیان و فێربوونی زمانی دیكه‌، بۆ نموونه‌ ئینگلیزی بده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ فیربوونی كۆمپیوته‌ر و به‌رنامه‌ جیاوازه‌كانی. سوود لە بیرۆکە و رێکاری سەردەمیانە وەربگرن بۆ بوون بە خاوەن بزنس، وەک بە کۆمەڵ کارکردن و پشک درووستکردنی کارگە یان کۆمپانیا. هەرچەند لەوانەیە  کەسانی سیاسی زۆرێک لەم بیروکانەیان بە نا سەرکەوتووانە ئه‌نجام دابێ، كه‌ دواجار  کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر هزری تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی. 

پڕۆفایل: ئیحسان شه‌ریف ساڵح، خاونی بڕوانامه‌ی ماستەره‌ لە كارگێڕی كار لە زانكۆی شێفیلد هالەم له‌ به‌ریتانیان و ئێستا مامۆستایه‌ له‌ به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی كار له‌ سكوڵی به‌ڕیوه‌بردن له‌ فاكه‌ڵتی یاسا و زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن له‌ زانكۆی سۆران.