پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی نوێ لە هەرێمی کوردستان لە وۆركشۆپێکدا تیشیكی خرایه‌سه‌ر

Sli

 

ڕۆژی سێ شەممە ۱۱ی ئایاری ۲۰۲۱ کاتژمێر ۱۰ی شەو، بەشێوەی ئۆنڵاین و بە ئامادیی و بەشداری ژمارەیەكی به‌رچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، هەردوو مامۆستای بەشی یاسای فاکەڵتی یاساو زانسته‌ سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردن" د.تاڵیب برایم ، د. بژار أحمد " بە هاوبەشی وۆركشۆپێکیان به‌ ناونیشانی (تقویم مسودة مشروع قانون الاستثمار الجدید في اقلیم كوردستان)، پێشكه‌شكرد.

سەرەتا د.بژار روانگه‌یه‌كی گشتی لەسەر وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئامادبووان خستەڕوو و، لە پێناسەیەکیدا بۆ وەبەرهێنان وتی، کە بریتییە لە کرداری تەرخانکردنی سەرچاوەکان، کە به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی" پارەیە "، لەگەڵ پێشبینیکردنی بەدەستهێنانی داهات یان قازانج. له‌ درێژه‌دا به‌ڕێزیان گوتی، به‌ سه‌رنجدان له‌و پێناسه‌یه‌، كه‌واته‌ دەتوانین لە دوو دیوەوە سەیری وەبەرهێنان بکەین. دیوێك کەسێکە وەبەرهێنان دەکات بۆ قازانج و دیوەکەی تر حکومەتە، كه‌ بۆ خزمەتکردن وەبەرهێنان دەکات. دواتر بەڕێزیان جۆرەکانی وەبەرهێنانی بۆ چەند بەشێك پۆلێنکرد، لەمانیش: بەگوێرەی سروشتی وەبەرهێنان، لە ڕووی ماوەوه‌ و هەروەها پۆلێنکردنیان بە گوێرەی مەترسی سەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پۆلێنکردن بەپێی قازانجی گەڕاوە. دواتر بەڕێزیان پڕژایە سەر باسکردنی گرینگی وەبەرهێنان و، بۆ ئەمەش وتی، کەوا وەبەرهێنان زۆر گرینگە بۆ دەوڵەتە نوێیەکان و ئەوانەی کەوا لە قۆناغی پێشکەوتندان، چونكه‌ ئه‌و وڵاتانە پێویستیان دەبێت بە وەبەرهێنانی تایبەت لە بواری ژێرخانی ئابووری، وزە و ئاو بۆ زیادکردنی هەلی کار و کرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ تا ئاستێك چووه‌ته‌ پێش، كه‌ لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان هانی وەبەرهێنانی بیانی دەدرێ بە مەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا.

بەڕێزیان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی باسه‌كه‌یاندا، دەربارەی قەبارەی وەبەرهێنان و کۆی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و پۆلێنکردنی پڕۆژەکان بەسەر کەرتەکان، بە ووردی بۆ بەشداربووان دوا .

لە تەوەری دووەمی وۆركشۆپەکەدا، د.تاڵب هەڵوەستەیەکی لەسەر ئەو پڕۆژە یاسا نوێیەی هەرێمی کوردستان کرد، کە کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر هەبوو،کە لە کۆتاییدا چووە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەری. هەروەها بەڕێزیان تیشکی خستەسەر پڕۆژە یاسای وەبەرهێنان لە پڕۆژه‌ی یاسای وەبەرهێنانی ساڵی ۲۰۲۱ کە لە ۲۹ ماددە پێکهاتووە و، ماددە و بڕگەکانی ئەو یاسا نوێیەی بە ووردی بۆ بەشداربووان شیکردنەوە و پەنجەی خستەسەر کەموکوڕییەکانی نێو ماددەکان و،  لایەنە ئەرێنی و نه‌رێنییه‌كانی ئەو یاسا نوێیەشی بۆ ئامادەبووان خستنەڕوو.

هەر بە گوێرەی ئەو پڕۆژه‌ یاسا نوێیه‌، بەڕێزیان هەڵسانگاندنێکی کرد لە نێوان  یاسا کۆنەکە و ئەو یاسا نوێیەی کە ئێستا هەیە و، ڕای وابوو کە ئەم یاسا نوێیە، بڕگە و ماددەی باشتری تێدایە و لایه‌نی ئه‌رێنی زیاترە، هەم بۆ کەسی وەبەرهێن و هەم بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان .

لە کۆتاییشدا بەشداربووانی وۆركشۆپەکە سەرنج و پرسیارەکانیان خستنەڕوو، كه‌ لە لایەن پێشکەشکارانه‌وە بە ووردی وەڵامیان درایەوە.

راپۆرت: زانا تاهیر