274874429 5178306878867948 622875691356497477 N

بە مەبەستی ئەنجامدانی بەشێک لە خوێندنەکەیان؛  چەند قوتابییەکی زانکۆی سۆران گەیشتنە وڵاتی ئیتاڵیا

 

لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابی، کە زانکۆی سۆران لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودەوڵەتیی هەیەتی، چەند قوتابییەکی دیکەی زانکۆی سۆران ڕەوانەی ئەوروپا کران. قوتابییەکان ژمارەیان سێ قوتابییە و سمستەرێکی خوێندنیان لە زانکۆی ساپیێنزا لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا دەخوێنن.

 هەر یەکە لە ھۆشەنگ قاسم عەوڵا، دانیاڵ دڵشاد حەمەدەمین و سەربەست ڕەمەزان عەبدوڵا، کە قوتابیی فاکەڵتییەکانی زانست و ئادابی زانکۆی سۆرانن، گەیشتنە وڵاتی ئیتاڵیا و لە زانکۆی ساپیێنزا دەستیان بە خوێندنی کۆرسی دووەمی ئەم ساڵە ئەکادیمییە کرد.

جێگەی ئاماژەپێدانە کە پێشتریش، پێنج قوتابیی دیکەی زانکۆی سۆران، بۆ هەمان مەبەست و لە چوارچێوەی هەمان پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابی، گەیشتنە زانکۆی گرۆنۆبڵ لە وڵاتی فەرنسا.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودوەڵەتی هەیەتی، زانکۆی سۆران ساڵانە ژمارەیەک قوتابی خۆی بۆ مەبەستی ئەنجامدانی بەشێک لە خوێندنەکەیان ڕەوانەی ئەو زانکۆیانە دەکات و ئامادەش دەبێت بۆ وەرگرتنی هەمان ژمارە لە قوتابیانی ئەو زانکۆیانە لە زانکۆی سۆران.

بڕیار وایە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێکارەکانی ناردنی گەڕێکی دیکەی قوتابیان بۆ دەرەوەی وڵات، بە مەبەستی خوێندن، دەست پێ بکات.

 

274594996 5178307678867868 3209876601563933995 n