د. سەرکەوت حەمەدەمین لە بەشی بایۆلۆجیی فاكهڵتیی زانستی زانکۆی سۆران مامۆستایە. هەروەها له ناوەندی توێژینەوەی کارئەندامزانی و پاسۆفیسیۆلۆجی لە فاکەڵتی پزیشکیی زانکۆی كۆڵنی ئەڵمانیا ئهندام و توێژهره. ئێستا لهگهڵ تیمێكی نێودهوڵهتی سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینهوهیەکە لهسهر چاندنهوهی خانهكانی دڵ. تیمهكه پێکهاتووە لە توێژەرانی وڵاتانی: ئەڵمانیا، هۆڵەندا و ئیسپانیا، بەم دوایانەش وڵاتی ژاپۆنیش بەشداری تیمەکە بووە.
ئەوان سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەن سهبارهت به دووبارە دروستکردنەوەی خانە و شانەکانی دڵی مرۆڤ، لە خانە هاندەرە بنچینەیەکانی مرۆڤ. ئەمەش وەک هەوڵێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە سروشتی چۆنیەتی دروستبوونی دڵی مرۆڤ و دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ جەڵتەی دڵ. ئهوەش لە ڕێگەی دووبارە چاندنەوەی خانە و شانەکان لە شوێنی جەڵتەی دڵ لە سەر ئاژەڵی بەراز و دواتر گواستنەوەی بۆ مرۆڤ. زانکۆی کۆڵن تەواوی تێچووی پڕۆژەکەی له ئهستۆ گرتووه.
له لێدوانێكیدا بۆ ڕاگهیاندنی زانكۆی سۆران، د. سەرکەوت حەمەدەمین وتی: "ئێستا خەریکی دووبارە دروستکردنەوەی شانەی دڵی مرۆڤین، لە خانە هاندەرە بنچینەیەکانی مرۆڤ لە تاقیگهدا. ئێمە تیمێکی فراوانین و من بەخۆشحاڵییەوە وەک نوێنەری زانکۆی سۆران و هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێم. لە گشت توێژینەوەکانیش ناوی زانکۆی سۆران و کوردستانی خۆشەویست، لە پاڵ وڵاتانی بەشدار بوو لە دەستەی بەشداربووانی توێژینەوەکان هاتووە. ئەم ناوهینانە بۆ من گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بە قەد بەهای کارە زانستییەکە لهلام گرنگە و دڵم زۆر پێ خۆشە".
له درێژهی وتهكانیدا دهڵێت: "ئەم پڕۆژیە پڕۆژەیەکی گەورەیە، لە ساڵی ٢٠١٦ دەستمان پێکردووە. سەرهتا تەنها هەوڵی دووبارە گەشەکردنی خانە هاندەرە بنچینەیەکانمان دا لە تاقیگهدا. ئەم کارە نزیکەی ساڵیک کاتی ویست، دواتر دەستمان کرد بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی دڵی مرۆڤ، بە ژمارەیەکی زۆر و ڕێژەیەکی بەرز لە جۆریەتی خانەکانی دڵی مرۆڤ. ئەم کارەمان لە گۆڤارێکی بەرزی زانستی جیهانی بڵاوبووە. ناوی زانکۆی سۆران و کوردستانیشی تێدا هاتبوو، ئەمەش بەستەرەکەیەتی: (https://www.thno.org/v09p7222 ). دواتر دەستمان کرد بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی مولولهکانی خوێنی مرۆڤ، بە ناوی خانەی ئیندۆسیلین ئەم کارەمان لە ژێر چاپکردنە لەم یەک دوو مانگەی داهاتوودا بەردهست دهبێت".
سهبارهت به پڕۆژهكه د. سەرکەوت وتی: "پڕۆژەکە گرنگییهكی بهرچاوی هەیە، چونكه ڕێگەی توێژینەوە ئاسانتر دەکات دەربارەی تێگەیشتن لە سروشتی خانەی دڵ و مولولەکانی خوێنی مرۆڤ. وا دەکات ئاسانتر دەرمانە نوێیەکان تاقی بکرێنەوە، بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەری تێدا بە کار بێت. ئەمەش زۆرێک لە كیشە فەلسەفی و ئەخڵاقی و زانستی و ئاینییهكان، چارەسەر ئەکات. لە داهاتوودا ئەگەری زۆر هەیە، ڕاستەوخۆ خانە یان شانە دروستکراوەکانی تاقیگەیی لە دڵی تووشبوو بە جەڵتەی دڵ بچێندرێن و دەرهاوێشتەکانی جەڵتەی دڵ کەم بکرێتەوە یان هەر نەهێڵدرێن".
له چوارچێوهی ڕۆشنایی خستنهسهر قۆناغهكانی توێژینهوهكه، ناوبراو وتی: "پڕۆژەکە چەند قۆناغێکە: قۆناغی گەشەکردنی خانە هاندەرە بنچینیەکان، دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی دڵی مرۆڤ؛ قۆناغی دووەم دووبارە دروستکردنەوەی شانەی دڵی مرۆڤە کە لەم مانگەدا ئەنجامی نوێمان دەستکەوتووە. ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین، کە زیاتر دڵنیا بینەوە لە ئەنجامەکان و بڵاوی بکهینەوە بۆ جیهان. لە قۆناغی هەره پێشکەوتوودا، بە نیازین لە سەر ئاژەڵی بەراز تاقیی بکەینەوە. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەری جەڵتەی دڵ. هەروەها شانەکان بگەینینە زۆربەی تاقیگهکان بۆ دروستکردنی دەرمانی نوێ بۆ نەخۆشیەکانی دڵی مرۆڤ".
دهربارهی سوودمهنده پله یهكهكانی سەرکەوتنی پڕۆژەکە، د. سەرکەوت حەمەدەمین وتی: "لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت ڕێژەکی زۆری خەڵك لە ساڵانی داهاتوودا تووشی نەخۆشیەکانی دڵ ببن، بۆیە ئەم تەکنۆلۆژیایە زیاتر هاوکاری توێژەران و پزیشکان دهبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییەکان دڵ. بێگومان کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەتایبەت جەڵتەی دڵ سودمەندی یەکەم دەبن. هەروەها هاوکاری زۆری ناوەندەکانی توێژینەوە ئەکات، سهبارهت به هەبوونی ڕێگەیەکی نوێ بۆ توێژینەوەی زانستی، بێ ئەوەی خودی مرۆڤ و گیانەوەرانی تێدا بە کار بێت. بەمەش هاوکارییەکی زۆری ژینگە و کۆمەڵەی پاراستنی سروشت و مافی ئاژەڵان دەکات".
د. حەمەدەمین سەبارەت بە توێژینەوە و کاری پسپۆڕانی کورد بە شێوەیەکی گشتی، وتی: "بە بڕوای من، پسپۆرانی کورد توانایەکی بەرزی بیرکردنەوە، پاڵنەرێکی کەسی باشیان هەیە بۆ توێژینەوە و داهێنان. ناوەندە ئەکادیمییەکانیش هەوڵی خۆیان داوە، بەپێی بودجە و بارودۆخی ئابووری ناوچەکە. ئەگەریش هەیە بەرەو باشتر بروات". ناوبراو ههروهها پێشنیازی كردووه كه دوو جۆر دامەزراوەی پێدانی سەرچاوەی دارایی بۆ توێژینەوە، دروست بکرێت: یهكهمیان، لە ئاستی فاکەڵتی و زانکۆکان، تا هاوکاری توێژەر و مامۆستایان بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زانستی و پشتگیری دامەزراندنی تاقیگەی زانستی بکات. دووهمیان، دامەزراوەی پێدانی سەرچاوەی دارایی بۆ توێژهرەکان لە سەر ئاستی کوردستان، کە دەزگایەکی تەواو سەربەخۆبێت و ڕاستەوخۆ بودجەی لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وهزیران، سەرۆکایەتیی پەرلهمان، دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان و خاوەنکارانی کوردستانهوه دابین بکرێت، لە ژێر ناوی دامهزراوهی كوردستان بۆ توێژینهوه Kurdistan Research Foundation (KRF). لە کۆتایدا؛ سوپاسێکی تایبەتی زانکۆی سۆران دهكهم، کە وهك هەمیشە پشتی منیان گرتووە و هانیانداوم بۆ بەردەوامبوون. هیوام وایە زانکۆی سۆران هەر لە سەرکەوتندا بێت. ئەم کار و بهرههمهشمان پێشکەش بێت بە کوردستان".
د. سەرکەوت حەمەدەمین؛ خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی، لە ڕواندز تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی بایۆلۆجیی کۆلێژی پەروەردەی زانستیی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بهدهستهێناوە. بڕوانامەی ماستەری لە (بایۆلۆجی: کارئەندامزانیی گیانەوەری) لە بەشی بایۆلۆجیی کۆلێژی زانستی هەمان زانکۆ بهدهستهێناوە. بڕوانامەی دکتۆراشی لە کارئەندامزانیی پزیشکی و دەرمانی دووبارە دروستکردنەوە، لە ناوەندی توێژینەوەی کارئەندامزانی و پاسۆفیسیۆلۆجی، سەر بە فاکەڵتی پزیشکیی زانکۆی كۆڵن، لە ئەڵمانیا وەرگرتووە.
زانكۆی سۆران بووەتە داینهمۆی بهگهڕخستنی تواناكان و لانكهی گهشهكردنی شیان و بههره ئهكادیمی و زانستییهكان. ئەم زانکۆیە بووەتە كایهی گهڵاڵهكردنی تێز و توێژینهوه ڕچهشكێنهكان، كێڵگهی چهكهرەپێكردنی بیر و هزره داهێنهرهكان. زانکۆی سۆران بهردهوامه له پاڵپشتیكردنی توێژهران، پێشكهشكردنی توێژینهوهی نوێ و سوودبهخش به کۆمەڵگای کوردستانی و مرڤایهتی. هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک كارئاسانی و پاڵپشتیی مامۆستا و توێژهرهكانی دهكات و بۆ بەردەوامبوون و بەرهەمداربوون هانیان دەدات..
بۆ خوێندنهوهی توێژینهوهكانی د. سەرکەوت حەمەدەمین، كلیك لهسهر ئهم لینكه بكه:
https://scholar.google.com/citations?user=-cYPHQkAAAAJ&hl=en&oi=ao
بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە پڕۆژەکە و تیمەکە، سەردانی ئەم لینکە بکەن،
https://www.cardiac-tissue-engineering.eu/team/