Sli

سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی خوێندن بە سەر دەکاتەوە

 

بۆ دڵنیابوونی زیاتر لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی وانەوتنەوە، سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی خوێندن بە سەر دەکاتەوە. سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی لە پۆلەکاندا ئامادە دەبن و بەشداریی لە وانەکاندا دەکەن. ئەمە دەبێتە ئەزموونێکی نوێی چاودێری و بەدواداچوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆی سۆران، کە پەیڕەویی لە بۆڵۆنا پڕۆسێس دەکات.

ئەمڕۆ پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، هۆڵەکانی خوێندنی لە کەمپەسی زانکۆ بە سەر کردەوە. لەم سەردانەدا هەریەکە لە پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، یاوەری سەرۆکی زانکۆ بوون. تیمی سەرۆکایەتی لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی کرداری لە ناو پۆلەکان ئامادە بوون و بەشدارییان لە وانەکاندا کرد.

مەبەست لەم سەردانانە بەدواداچوون و بەئاگابوونی زیاترە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن و هەروەها هەڵسەنگاندنی پراکتیکییانەی کەشی فێربوونە کە پۆلەکان چەقی ئەو پڕۆسەیەن. مامۆستایان و قوتابیان بەم سەردانانە خۆشحاڵن. ئەوان ئەمە بە هاندەرێک بۆ باشترکردنی کوالیتیی وانەوتنەوە دەزانن و بە دەرفەتێکیشی دەزانن تا لە نزیکەوە و لەگەڵ تیمی سەرۆکایەتی تاوتوێی پرسەکانی پەیوەست بە خوێندن بکەن.