Dr Sherwan New

دەقی وتاری بەڕێز: پ. ی. د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، لە کۆنفڕانسی هاوبەشی زانکۆی سۆران و دامەزراوەی زەکەوات

 

بە ناوی یەزدانی دانا

ئامادەبوانی هێژا

مامۆستایانی خۆشەویت

توێژەرانی قەدرگران

بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سۆرانەوە بەخێرهاتنێکی گەرمتان لێدەکەم و سوپاس بۆ ئامادەبونتان، دەستخۆشی لەگشت ڕێکخەران و ئامادەکارانی ئەم کۆنفڕانسە گرنگە دەکەم، لە هەریەکە لە لیژنەکانی ئامادەکاری و زانستی.هەروەها لە ڕاگری فاکەڵتیی ئاداب و گشت ئەنجومەنی فاکەڵتیی ئاداب و دامەزراوەی زەکەوات و گشت ئەوانەی کە بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان بەشداربوون بۆ سەرخستنی ئەم کۆنفرانسە، دەستخۆشیەک و پیرۆزباییەکی تایبەت بۆ ئەو توێژەرانەی کە لەم کۆنفڕانسە توێژینەوەکانیان ئامادەکردووە و پەسەندکراون بۆ پێشکەشکردن.

بەرێزان ئێمە لە زانکۆی سۆران تێگەیشتنمان وایە کە پێویستە لێرە مرۆڤ دروستبکرێت بەر لەوەی پێداویستیەکانی پڕبکرێتەوە، گەشە بە تێگەیشتنیان بدرێت بەر لەوەی پێداویستیەکانی دابین بکرێت، کەواتە کەلتوری مرۆڤەکان لەلای ئێمە زۆر گرنگترە لە هەر پێداویستییەکی تری ماددی خودی مرۆڤەکان. دەمانەوێت بڵێین دروستکردنی مرۆڤەکان زۆر گرنگترە لە دروستکردنی باڵەخانە و تەکنەلۆجیا و هەر پێشکەوتنێکی زانستی تر.

چونکە بەر لە هەر شتێک پێویستە مرۆڤەکان لە کەلتوری چاک و بیری چاک دەوڵەمەندبن بۆ ئەوەی کردەوەی چاک بکەن، وە هەرکاتێکیش جیهان لە ڕوویە ماددیەکەی پێشکەوت کردەوەی چاکی پێ ئەنجام بدات و بۆ مەبەستی مرۆڤایەتی و ژینگە پارێزی بەکاری بهێنێت. ڕاستریش وایە بڵێین گشت بیرکردنەوەکان لە چوارچێوەی هەمو زانستە مرۆڤایەتی و کردارییەکان، بیرکردنەوەی مرۆڤانەبن و بە نیازی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست ئاراستە بکرێن.

هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە گرنگیەکی تایبەت بە بەشە زانستیە مرۆڤایەتیەکان دەدەین، هەر بۆیەش دروشمی زانکۆمان کردە " لە مرۆڤسازیەوە بۆ نیشتیمان سازی" چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانەی کە خودا و مرۆڤایەتی لەلایان ئامانجە، دەتوانن ببن بە کەرەستەی ژیانێکی ئاشتیانە و دور لە هەموو ناسەقامگیریەک و گشت داهێنانەکان و پێشکەوتنەکان هەم ئامانجدارتر دەبن و هەمیش بەرهەمدارتر دەبن. بۆیە لەهەمان کاتدا ئێمە هەمو کات هانی توێژەرانمان دەدەین توێژینەوەکانیان ئامانجداربن و بەرهەمدار بن بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی.

لەکۆتاییدا و دوبارە دەستخۆشی لە گشت ئێوەی بەڕێز دەکەم، هیوادارم ئەم کۆنفڕانسە هاوبەشە گەورەترین سەرکەوتن بەدەست بهێنێ و توێژینەوەکانیان گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن و ببێتە هۆکار بۆ دووبارەکردنەوەی کاری لەم جۆرە و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ئەم دوو دەزگایە و گشت دەزگاکانی تری تایبەت و حکومی.

هەر شادبن..