SoranUniversity 3

دەرچووانی زانکۆی سۆران لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی ڕووانگە دەدرەوشێنەوە

 

دوو دەرچووی زانکۆی سۆران بوون بە براوەی خەڵاتەکانی دەزگای ڕوانگە. عەبدولهادی عەباس و خەڵات زرار، دەرچووی زانکۆی سۆرانن. بەشداری پێشبڕکێی دەزگای ڕوانگەیان کرد و بوون بە یەکەمی پێشبڕکێکان.

عەبدولهادی عەباس و خەڵات زرار بەشداری پێشبڕکێی ساڵی ۲۰۲۲ـی دەزگای ڕوانگەیان کرد. هەر یەکەیان لە بواری دڵخوازی خۆیان بوون بە براوەی یەکەم و خەڵاتی ڕوانگەیان بەدەست هێنا.

عەبدولهادی عەباس، دەرچووی بەشی زانستی کۆمپیوتەری فاکەڵتیی زانستە. هاوکات، بڕوانامەی ماستەری لە بواری زیرەکی دەستکرد و پڕۆسێس کردنی زمانی سروشتی، لە زانکۆی سۆران بەدەست هێناوە. ناوبراو لە بواری پڕۆگرامسازی بەشداری کێبڕکێکەی دەزگای ڕوانگەی کردووە و پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. پڕۆژەکەی بریتی بوو لە گۆڕینی دەنگ بۆ دەق. مەبەست لە ئەنجامدانی پڕۆژەکەی، توێژینەوە و پەرەدانە لە بواری داڕشتن و جێبەجێ کردنی سیستەمێکی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی ئاخاوتن (Automatic Speech Recognition) بۆ زمانی کوردی ناوەڕاست (CKB) کە سەرەکیترین دەرەنجامەکانی سیستەمێکی تایپی ئاخاوتن و دەنگە بۆ ئەم زمانە. بە داڕشتنی ئەم سیستەمانە، بەکارهێنەران دەتوانن قسە بکەن و سیستەمەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیک تایپی بکات.

لە هەمان کاتدا، خەڵات زرار، دەرچووی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فاکەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنە لە زانکۆی سۆران. لە بواری هۆنراوە بەشداری کێبڕکێکەی کرد و پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. خەڵات ماوەیەکی باشە لەناو ئەدەب و هۆنراوەدا کار دەکات. خاوەن کتێبی شیعری خۆیەتی. لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران دەڵێت: "ڕاستە من خەڵاتەکەم بردەوە و براوەی یەکەم بووم، بەڵام ئەو دوو بەشداربووەی کە بوون بە براوەی دووەم و سێییەم توانای زۆر باشیان هەیە، بەشداری کردنیان لە کێبڕکێکان و دەرچوونیان بۆ قۆناغی کۆتایی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە."

دەزگای ڕوانگە ڕێکخراوێکی ناحکومییە، ساڵانە چالاکی و پێشبڕکێ لە دە بواری جیاواز لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام دەدات. ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕوانگە بریتییە لە پەرەپێدانی پلاتفۆڕم بۆ گەنجان بۆ دۆزینەوەی بەهرە و تواناکانیان، ناساندنی نوێترین تەکنۆلۆژیا و سیستەمی فێربوونی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پڕۆسەی پەروەردە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییە پێشکەوتووەکان، دروستکردنی کەلتور و خولیای فێربوون بە تایبەتی لە ناو گەنجاندا.

عەبدولهادی و خەڵات، لە نێوان سەدان بەشداربوودا توانیان ببن بە دوو لەو دە بەشداربووەی بوونە پاڵێوراوی بردنەوەی خەڵاتەکانی ڕوانگە. دواجار، بوون بە براوەی یەکەم و خەڵاتی ڕوانگەیان بۆ ساڵی ۲۰۲۲ بەدەست هێنا.