لە زانکۆی سۆران، دیداری (ڕەگ و ڕیشەکانی نایەکسانی و توندوتیژیی دژی ژنان) بەڕێوەچوو. دیدارەکە لەلایەن بەشی کوردیی فاکەڵتیی ئاداب ڕێکخرا بوو. لە دیادرەکەدا، لە ڕێگەی شیکاری تێکستە ئەدەبییەکانەوە، خوێندنەوەیەکی فراوان بۆ بابەتەکە کرا.
ڕۆژی دووشەممە، ٥ـی دیسەمبەری ۲۰۲۲، دیدارێک لە بەشی کوردیی فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. ناونیشانی دیدارەکە بریتی بوو لە: "ڕەگ و ڕیشەکانی نایەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان". لەم دیدارەدا، بەڕێز د. کارمەند عەبدوڵا حەمەد، ڕاگری فاکەڵتیی ئاداب و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبوون.
لەم چالاکییە زانستییەی بەشی زمانی کوردیدا، هەوڵ درا لە ڕێگەی شیکاری ئەدەبیاتەوە خوێندنەوەیەک بۆ بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بکرێت و گفتوگۆیەکی گەرموگوڕ بەڕێوەچوو. دیدارەکە پانێڵێکی لەخۆگرتبوو کە لەلایەن م. چاوەڕێ نیعمەت بەڕێوەبردرا. هەریەکە لە بەڕێزان م. هەندرێن، د. جوان عەبدولقادر، د. سومەیە نەجیب و پ. ی. د. هەژار ڕەحیمی بەشداربوون.
پانێلیستەکان بە سوودوەرگرتن لە نموونەی ناو دەقە ئەدەبییەکانی ئەدەبیاتی کوردی، باسیان لە نایەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان کرد و تێڕوانینی خۆیان بەشێوەیەکی چڕ خستەڕوو. پاشان بە سەرنج و پرسیاری ئامادەبووان بابەت و دیدارەکە دەوڵەمەندتر کرا. لە کۆتا بڕگەشدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە بەشداربووانی دیدارەکە بەخشرا.