هیچ پیشە و دامەزراوەیەک بە بێ سزا و پاداشت پێش ناکەون

WhatsApp Image 2022 06 17 At 7.48.14 PM

 

 

کارکردن بە سروشتی خۆی سەرکەوتن و شکستی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر ئامانج پێشکەوتن و دەستکەوت بێت، دەبێت لە ئەگەری سەرکەوتن و دەستکەوت پاداشت هەبێت و پێچەونەکەش سزادان بێت. سزا و پاداشت بنچینەی پەروەردەیەکی ساخلەمن بۆ مرۆڤ لە هەر تەمەنێک بێت، چونکە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن بەرەو ڕوانگەیەکی باش ئاراستە دەکات، لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە سزا و پاداشت، بەڵام تایبەتر سزا، کاریگەری ئەرێنی زیاتری لەسەر کەسایەتی و ڕەفتاری مرۆڤ دەبێت.

مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بەریەککەوتنی لەگەڵ هاوتاکانی لە مرۆڤ و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی ژینگەش هەیە. کۆکییەکی رەها هەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤەکان کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە لە رێگەی گوێزرانەوەی خو و ڕەوشت و هەڵسوکەوت لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر مرۆڤی بەرامبەر دەگۆڕن. مرۆڤ وەکو کارتێکراو لەژێر کاریگەری بەردەوامی ئەو ئەزموون و سەربوردانەیە رۆژانە ڕوودەدەن. بۆیە لە پیشە و ئیش و کار تا کەمترین بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێو هاوتاکان هەبێت باشتر دەبێت، چونکە ئەمە وا دەکات پەیوەندییەکە بە سنوورداریی و پیشەیی بمێنێتەوە.

سزا و پاداشت دووانەی لێکدانەبڕاون لە بەرەوپێشبردنی پیشە و پیشەیی بوون. وێڕای ئەوەش، سزا بە گرنگتر تەماشا دەکرێت، ئەمە لە سزای کەسیی لە خێزان بێت تا دەگاتە بەرزترین ئاستی بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی پیشەیەکی دیاریکراو. سزا پێنج مەبەستی دانپێدانراوی هەیە: یەکەمیان بە ئامانجی "رێگریکردن"ە، بێتواناکرد یان لێسەندنەوەی پێگە و توانست و لادان، چاکسازیکردن، تۆڵەسەندنەوە و گەڕاندنەوەی مافەکان. لەنێو بیردۆزەکانی سزادانیش باوترین یان بنچینەییترین سزا ناسراوە بە "سزای تۆڵەسەندنەوە" کە دێرینترین رێگەیە بۆ سزادانی کەسێکی تاوانکار. ئەم بیردۆزە پێداگرە لەسەر ئەوەی مرۆڤ لەسەر ئەنجامدانی کارێکی نادروست سزا بدرێت. ڕەنگە ڕەچەڵەکی ئەو بۆچوونەش دەقە ئایینیە دێرینەکان بن.

سیگموند فرۆید پێی وابوو ئاکار و مامەڵەی مرۆڤ رەنگدانەوەی کەسایەتی داچەسپیوی خۆیەتی، بەتایبەت لەو لایەنەی ئاخۆ مرۆڤ پاداشت و سزای لەسەردەمی منداڵی وەرگرتووە یان نا.

بە پێی بیردۆزەکانی ئیمانوێل کانت هۆکاری سزا لە سەر بنچینەی تۆڵەسەندنەوە داڕێژراوە و ئامانج لێی بەدیهێنانی یەکسانیی و دادییە. بەو پێیەش سزادان بۆ تاوانبار بە هەر تۆمەتێک بە ڕەوا دەبینیت و بۆ بێتاوانیش بە پێچەوانەوە. کەواتە سزادان، کە پێویستە لە کاتی خۆی بێت و کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕ نەبێت و دووبارە نەبێتەوە، سوودی بۆ تاوانبار و کۆمەڵگەش هەیە.

لەو چوارچێوەیە، یەکێک لە سوودەکانی سزادان لە ئەگەری بوونی زیاتر لە پەیوەندییەکی پیشەیی لە نێوان تاکەکان لە نێو هاوتاکان یان ئاستە جیاوازەکان ئەوەیە، سزادان خوە خراپەکان و هەڵسوکەت ڕاست دەکاتەوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە سزادان مرۆڤی ئاراستە گۆڕاو لە داهاتوو لە هەڵە و نەنگی هاوشێوە دەپارێزێت. ئەمە لەو ئەگەرەش بەدەر نیە، کە دەکرێت هەندێک جار سزادان کێشەش بەدوای خۆیدا بهێنێت. بە گوێرەی ریپۆرتێکی کۆواری بزنس سزا دەتوانێت کاریگەر بێت لە وەستاندنی ڕەفتارە نەخوازراوەکانی کارمەند وەک دواکەوتن، ئامادەنەبوون یان شێوازی کارکردنی ناپیشەیی.

شارەزا لە دەروونناسی شوێنکار، ئەندرو نوون (2001)، پێی وایە سەرەڕای ئەوەی سزادان کاریگەری لاوەکی نەرێنی لێدەکەوێتەوە، بەڵام سێ هۆکار بە گرنگ دەبینێت و پێی وایە ئەو پاساوە بەهێز دەکەن کە بۆچی مەرجە سزا بەردەوام بێت لە دامەزراوە و شوێنکارەکان: یەکەم، لەبەر ئەوەی سزا بە شێوەیەکی کاریگەر ڕەفتارەکان دەگۆڕێت؛  دووەم، چونکە لە هەندێک دۆسیە و بارودۆخ هاندانی ئەرێنی ئەستەمە بەکاربهێنرێت و سوودی نیە؛  و سێیەمیش لەبەر ئەوەیە سزا کات بەفیڕۆ نادات و تێچووی کەمە.

بە بۆچوونی تایبەتمەندی ڕەفتار و هەڵس و کەوت، شانن وۆلف، سزادان ڕێگەیەکی راستەوخۆ و ئاسانترە بۆ ڕاستەڕێ کردن و ڕاستکردنەوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤی لادەر. بەڵام ئەوەش روونە، کە دەرەنجامەکانی سزادان چەندە ئەرێنی بن، کەم تا زۆر کاتیان دەوێ تا لای کەسی ڕەفتار گۆڕاو گەڵاڵە ببن و بەرجەستە ببن.

شانن پێشی وایە سزادان پرۆسەی وەرگرتن و فێربوون و درک پێکردن زۆر ئاسانتر دەکات. بەو هۆیە تاک لە هەر تەمەنێک بێت تێ دەگات ڕێگەی باشتر هەن بۆ ئاراستەگرتنەبەر و خۆ ڕاست کردنەوە. بێجگە لەمەش، دەبێت ئەوە بگوترێت، سزادان یان هۆشیار کردنەوە لە قۆناغە دەستپێکیەکان دەبێتە هۆکار بۆ هەوڵ و تەقەڵای زیاتر و لە هەمان کات گۆڕینی شێوازی کاری دووبارە. دەتواندرێت بگوترێت سوودێکی سزا و تەنانەت ئاگادارکردنەوەش ئەوەیە، کەسی بە نەرێنی پەروەردەکراو دووچاری سەرسوڕمان دەبێت و ئەگەر هەیە گۆڕانێکی خێرای لە کەسایەتیدا ڕووبدات، بەوە ئەزموونێکی دێتە بەردەم پێشووتر ئەزموونی نەکردووە.

سزادانیش دەکرێت لە شوێنکار بەیەکێک لەم رێگەیانە بێت: ئاراستەکردن و وەبیرهێنانەوە بۆ تەواوکردنی کار، هۆشیار کردنەوە و ئاگادارکردنەوە، ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی.  بە شێوەیەکی بەرجەستەتر، سەرزەنشتکردنی زارەکی یان نووسراو، بڕینی مووچە، دابەزاندن و ڕاگرتن تا دەگاتە دابڕاندن و لادان لەسەر کار، ئەو سزایانەن دامەزراوەکان بەکاریان دەهێنن.

بە کورتی، سزادان و پاداشت سوودیان لە ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پیشە و پیشەییبوون لە شوێنکار هەیە. بەڵام هەر دامەزراوەیەک یان پێکهاتەیەکی سیاسی، کارگێڕی و پیشەیی و ئەکادیمی کاری بە سزا نەکرد، کێشەکانی کەڵەکە دەبن، رەوتە خراپەکان دەستاودەست دەکرێن، گەندەڵیی و بەرژەوەندیی بڵاو دەبێتەوە. سەرەنجام دامەزراوەکە متمانە لەدەست دەدات لای کارمەند و کۆمەڵگەش بە گشتی، چونکە ماندوو و کەمتەرخەم، پابەند و نا پابەند، پیشەیی و لادەر لە کۆتایی جیاوازیان لە نێوان ناکرێت و کارمەندەکانیش خۆشیان چونکە رۆژێک لە رۆژان سزانەدراون یان پاداشت نەکراون، چێژ لە کارکردن نابینن و هیوا بۆ ئەنجامدانی کاری ئەرێنی لەدەست دەدەن و دواجار دەبنە بەشێک لە پێکهاتەیەکی ماندووی و بێ توانا و دەسەڵات و متمانە.

یادگار ئیسماعیل، سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی لە فاکەڵتی ئاداب