نادڵنیایی ئاسایش لە سەردەمی گەشەسەندنی ئەقلدا

Zeravan

 

زێرەڤان جەوهەر

یەکێک لەو دەستەواژانەی مۆدێرنگەراکان لە فەلسەفەی پەیڕەوکردنی بەهاکانی بیری مۆدێرن بەکاری دەهێنن سەربەخۆبوون و گەشەسەندنی ئەقلە، بەو واتایەی ئەقلی مرۆڤ گەیشتووتە ئاستێک کە چیتر پێویستی بە بەها ئاینی و متافیزیکییەکان نەماوە، ئەوان بڕوایان وایە کە دەبێت لەم قۆناغەی مێژوودا ئەقلی مرۆڤ ڕابەرایەتیی جیهان بکات، بۆیە بەشێک لە بیرمەندە خۆرئاواییەکان بڕوایان وابوو، کە مێژوو لەسەر هێڵێکی ڕاست بۆ پێشەوە دەچێت، بەپێی ئەو هێڵە ڕاستەش بێت، ئەبوایە مرۆڤایەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێشچوونێکی زیاتری بەخۆیەوە ببینیبایە، لە ڕووی هەستکردن بە ئاسایش و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان، بوونی ئارامییەکی جێگیر لە نێو هەست و ژیانی ڕۆژانەیاندا، بەڵام  لێرەدا  پرسیارێک دێتە پێش،  ئایا ئەگەر ڕاستە مێژوو لەسەر هێلێکی ڕاست دەروات، ئەی ئەو هەموو وێرانکاری و چەکە کۆکوژە چین کە عەقلی مرۆڤ بەرهەمی هێناوە؟

چۆن ئەکرێت بۆ بەرژەوەندی لایەنێک، خوێن مژین و جینۆساید و خاپوورکردنی و لەناوبڕدنی کەلتوور و ماڵ و کۆمەڵگەی ئەوانی تر بە ڕەوا ببینرێت؟ ئایە ئەگەر ئەقلی مرۆڤ گەشتبێتە قۆناغێک کە چیتر پێویستی بەها ئاسمانییەکان نەبێت، چۆن دەکرێت سەدان هەزار کەس بەتایبەتی منداڵێکی ساوا، کە نەدەزانێت سیاسەت چییە، دین چییە و خۆرئاوا چییە و خۆرهەڵات چییە، ڕووبەرووی برسێتی و نەبوونی شیر ببێتەوە، ئەمە بێجگە لە ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی هەزارەها خێزان لە زێدی خۆیان.

هەر ئەم هێلە ڕاستە وایکردووە چیتر مرۆڤ نەتوانێ لە ئاشتی و ئارامییەکی تەواودا بژین، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەست بە بوونی هەڕەشە و مەترسیی لەنێوچوون بکەن، لەنێوچوونێک نەک بە مانای لەنێوچوونی جەستەی، بەڵکو بە مانای داڕمانی بەشێکی زۆری پێورەکانی مڕۆڤبوون و بەها ئەخلاقییەکان، بەتایبەتیش لە ئەنجامی زیاتر چاوچنۆکبوونی تاکەکان، هەستنەکردن بەرامبەر بەرژەوەندی گشتی و مڕۆڤەکانی تر.

ئەم هەست نەکردنە بە ئاسایش و سەقامگیری وای لە مرۆڤەکان کردووە کۆی  ئامڕازەکان بە ڕەوا ببینن،  سڵ لە بەکارهێنانی هیچ شتێک نەکەنەوە کاتێک بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسیەوە، ئەمەش دەبێتە هەڕەشە و نائارامی بۆ لایەنی بەرامبەر، چونکە ئاسایش شتێکی ڕێژەییە و خالێکی دیاریکراو نییە کە بڵێین ئێمە پێی گەیشتین و تەواو، بەڵکو زۆرجار بوونی ئاسایش یاخود سەقامگیربوونی لایەنێک بە مانای بوون بەسەرچاوەی ترس و ناسەقامگیری بۆ کەس یان ئەکتەر یاخود دەوڵەتێکی تر دەگەیەنێت.

هەر ئەمەشە وایکردووە چیتر ئاسایش  لە چوارچێوەیەک یاخود ڕەهەندێکی دیاریکراودا بەتەنیا پێناسە نەکرێت، ئەگەر پێشتر ئاسایش تەنیا لە لایەنی سەربازی و هێرشی دەرەکی خوێندنەوەی بۆ کرابێت، ئەوە لە ئێستادا ئەم ڕەهەندانە بەتەنیا بەس نین بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی ئاسایش، بەمانایەکی تر لەم قۆناغەی ئێستا لایەنی سەربازی و هێرشی دەرەکی تەنیا ڕەهەندێکن لە ڕەهەندەکانی تری ئاسایش.

بۆیە دەکرێت  ئاسایش بەوە پێناسە بکرێت کە: "ئەو دۆخەیە کە تێیدا تاک هەست بە سەڵامەتی و  پارێزراوی بکات، واتە بەرجەستەبوونی دۆخێک کە دەوڵەت، نەتەوە و تاک تێیدا هەستبکات ژیانی لە ژێر مەترسی و لە ناوچوون نییە". بەمانایەکی تر تاکەکان لە دۆخێکی دوور لە ترس و دڵە ڕاوکێدا دەژین.

ئەگەر لە ڕووانگەی ئەم پێناسەیەوە  شڕۆڤەی دۆخی جیهان و ژیانکردنی تاکەکان بکەین، دەبینین هیچ کات بە قەدەر ئێستا تاکەکان و نەتەوەکان لە هەڕەشە و ناسەقامگیریدا نەژیاون، چونکە بەشێکی زۆری تاکەکان لە دۆخێکی تژی ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، هیچ ئومێدێک و هێزێکی سەرتاسەری نییە ئەم ترسەیان نەهێڵێت و بەرەو کەناری ئارامیان ببات.

ڕاستە داهێنانە ئەقلییەکانی مرۆڤ، مرۆڤایەتی لە چەندین ڕووەوە بەرەوپێشەوە بردووە و توانیویانە لە چەندین سێکتەر و بواری جیاوازدا داهێنانی بکەن، بەڵام ئەوەی تا ئێستادا تێیدا سەرکەوتوو نەبوون دۆزینەوەی جێگیرەوەیە بۆ ئەو بۆشایەی کە لە غیابی بەها ڕۆحییەکاندا دروستبووە، واتە سەربەخۆبوون و گەشەسەندنی ئەقل بەس نین بۆ ئەوەی جیهانێکی ئارامتر و سەقامگیر بهێتە بوون، بەڵکو مڕۆڤەکان دووبارە پێویستیان بە کۆمەڵێک بەهای تر هەیە کە گەشەسەندنە ئەقلییەکانی مرۆڤ بە تەنیا توانای پڕکردنەوەیان نییە لە زەین و ئاکارەکانی مڕۆڤەکاندا.