وڵات موحسن
هونەر بریتییە لەو چالاکییە بەرهەمییانەی کەسێک یان گرووپێک کە بە بیرۆکەیەکی جیاواز لە خەڵکانی تر و بە هەستێکی ناسک و خەیاڵێکی جوان بەرهەمێکی پڕ نێوەڕۆک و پەیامدار دەخولقێت. بوارێکی فرە ڕەهەند و بەربڵاوە کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە چێژی لێ وەردەگرن، هەر بۆیە هونەر یەکێکە لە پایە و بنەڕەتە گرنگەکانی کۆمەڵگە کە دەتوانێت کاریگەریی زۆری لەسەر کۆمەڵگە و ڕوانگەی خەڵک بە ڕووی ژیان یان هەر چەمێکێک لە ژیاندا هەبێت.
لە کوردستان، هونەر بە ڕوانگەی جوانیناسانەی هونەرمەندانی کورد و تێکەڵبوونی هەست و سۆزی هونەریی خۆیان لەگەڵ سروشتی جوان و دیمەنە دڵڕفێنەکانی کوردستان، بەرهەم و بەهرەگەلێکی جوان و جیاوازیان ئافراندووە. کورد وەک نەتەوەیەکی زیندووی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، هەر لە دێر زەمانەوە خاوەن گۆرانی، مۆسیقا، مەقام، ڕیتم، شایی و هەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆی بووە. ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی، مینۆرسکی، لەو باوەڕەدایە کە: "لای ئاشوورییەکان گەلێک گۆرانی کوردی باوە و گەلێک چیرۆکی کوردی هەن کە گێڕانەوەیان بە عادەتی گشت لایەک ئەژمار دەکرێت" کە لە ڕاستیدا بەیت و حەیران و لاوک لەو خانەیەدا جێ دەگرن.
مێژوونووسی یۆنانی گەزنەفۆن نووسیویەتی: "لە ساڵی (401 پ. ز) لە كاتێكدا لەشكری یۆنان دەیانەویست بە كوردستاندا بگەڕێنەوە، كوردەكان بەدەم گۆرانی و سروود گوتنەوە، هێرشیان دەكردە سەر یۆنانیەكان". هەروەها دەشڵێت كە كوردەكان ئەوكات بە تەواوەتی ئاشنای موزیك بوونە و تەنانەت لە جەنگیشدا سوودیان لێ وەرگرتووە. لە گۆڤاری (فاسكەكە) كە تایبەت بە موزیكە و لە فەرەنسا دەردەچێت، باس لەوە كراوە كە ئێران و میزۆپۆتامیا، واتە ئەو شوێنانەی ئێستا كورد تیایاندا دەژی، بێشکەی كۆنترین موزیكی جیهان بووە. موزیكی كوردی بە موزیك و گۆرانیی خەلكی كورد زمان دەگوترێت و لە دێرزەمانەوە تایبەتمەندی، دەوڵەمەندی، رەگ و رەسەنایەتیی خۆی هەبووە و نەوە لە دوای نەوە لە سینگەوە بۆ سینگ گواستراوەتەوە.
سەرەرای ئەمە، گەلێک لە مێژوونووسانی مۆسیقا، تەنانەت هەندێک لە ئامێرە مۆسیقییەکانیش دەگەرێنەوە بۆ کوردستان لەم بارەیەوە شەهرەزاد قاسم دەڵێت: "عوود و ساز لەسەردەمی خورییەکانی دوو هەزار ساڵ پێش مەسیح لە کوردستان لە نێوان شاری (وان) تا دەگاتە ناوچەکانی کوردستانی عێراقی ئەمرۆ بەکارهاتووە. مێژوونووسەکان بۆ سەلماندنی ئەو راستیە ئامێرێکی عوودیان لە ناوچەی (نووزی) دۆزیوەتەوە لە نزیک کەرکووک کە پایتەختی خوورییەکان بووە ئەوکات" (د. فەرهاد پیرباڵ، لە کتێبی مێژووی مۆسیقای کوردی).
لە بارەی میوزیکی فۆلکلۆری کوردییەوە
میوزیكی فولكلۆری كوردی لە سێ بەشی (ئەفسانە، چیرۆك و داستان) پێكهاتووە. وەك زۆربەی نەتەوەكانی دیكە، دروستبوونی میوزیكی كوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەكان، لەم بەشەدا ئەفسانەكان لە چوارچێوەی گۆرانیی كوردیدا دەوترێن كە حەماسەتی تایبەتیان هەیە. گۆرانییەكان دەبنە دوو بەشی (قارەمانیەت و دڵداری). لە گۆرانیی دڵداریدا لایەنەكانی رۆمانسیەت و ئەڤینداری نێوان دوو كەس باس دەكرێت؛ وەك گۆرانی (زەنبیل فرۆش) كە لایەنی عیرفانی هەیە و گۆرانییەكانی (ئاس و حەسەن، خەج و سیامەند) كە چیرۆكی دڵداری دوو ئەڤیندارە. ئەمانە لە بەناو بانگترین كارەكانی ئەو بوارەن.
رەسەنترینی ئەو ئامێرانەی لە میوزیكی كوردیدا سوودیان لێ بینراوە (زۆرنا و دەهۆڵ) بوون. دواتریش هەندێک ئامێریتر هاتوونەتە ناو ئەو موزیكە، وەک (شمشاڵ، زۆرنا، نایە، دەهۆڵ، دەف، دمبەگ، تەنبوور، كەمانچە، دیوان و نەی)، ئەمانەش گرنگیی خۆیان هەبووە. لەم بارەیەوە د. مەسعوود بینەندە لە وتارێکیدا دەنووسێت: "مووزیکی فۆلکلۆری کوردی که دهکرێ به مووزیکی فۆڵک (ئهتنیکی، نهتهوهیی) ناودێر بکرێت بهرههمی مێژوویهکی دێرین و پێکهاتهی کۆمهڵگەیهکی وهرزێڕی-شوانکارهییه که نه ئامێرێکی دیاریکراوی بۆ دابین کراوه و نه له چوارچێوهی تاکه دهزگایهکی رێسامهندا وتراوهتهوه. ئهم جۆره مووزیکه که بهڕاستی فرهچهشن و چهندڕهههندییه به شێوهی جیاواز پۆلێنبهندی کراوه و هیچ پۆلێنێکی ستاندارد لهم بوارهوه له ئارادا نییه. ههر بۆیه لێرهدا مووسیقای فۆڵکی کوردی بهگشتی له چوار بهشی سهرهکیدا دابهش دهکهین".
۱) کرکه: هۆره، مۆره، لۆره، سیاوچهمانه
۲) مهقام: ئهڵاوهیسی، قهتار، خاوکهر و..
۳) ئاواز: گۆرانی، لاوک، حهیران، چۆپی و…
۴) بهیت: مهم و زین، لاس و خهزاڵ، خهج و سیامهند و…
موزیکی کوردی لە سەردەمی هاوچەرخدا
ئهوه ڕوون و ئاشکرایه که کورد ژێردهستی ڕژێمی دیکاتاتۆری و ڕهگهزپهرستی داگیرکهرانی کوردستان بووە. ئەم ڕژێمانە بۆ چهندین سهده ههموو ههوڵێکیان داوه بۆ شاردنهوه و لهناوبردنی سهرچاوه کهلتوری و مێژووییهکانی کورد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کورد گەلێک گۆرانیبێژی گەورەی هەبووە وەک: سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، مەلا کەریمی سابڵاغی، حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، محەمەدی ماملێ، عارف جەزیری، حەسەن جەزیری، محەمەد شێخۆ. بەهەمانشێوەش گۆرانیبێژانی ژن، وەک: عایشه شان، گوڵبەهار، نەسرین شیروان، فەتانه وەلیدی و زۆر ژنیتر خزمەتی زۆریان به گۆرانی و مۆسیقای کوردیان کردووه. ئەوان بوون به مامۆستای قوتابخانەی مۆسیقای کوردی و ئێستاش دەنگیان له سەر گۆرانیبێژانی ئەمڕۆ که له گۆڕەپانی مۆسیقای کوردی کار دەکەن کاریگەره. ئەو هونەرمەندانه له سەردەمێکدا گۆرانییان دەگووت توانییان لەو پەڕی بێدەرەتانی و کوێرەوەری له ژیانیاندا خزمەتی خۆیان بکەن.
به داخەوه له ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی، مۆسیقا و گۆرانی کوردی تووشی سەرلێشێواوی بووه. زۆربەی گۆرانیبێژانی ئەمڕۆ گۆرانی فارسی و تورکی و عەرەبیان هێناوەتە ناو مۆسیقای کوردی و به شێوازی مۆسیقای مۆدێڕن له قاڵبی پاپ و جاز و راپ و .... هیدیکه دەیڵێنەوه. کەوابوو ئەو حاڵەتەی که له مۆسیقای کوردیدا هەیە و ئەو هەست و ئێحساسه که له ناو مۆسیقای کوردیدا هەیه له دەستیان داوه. زۆرینەی ئەو گۆرانیانەی، كە ئیستا بەرهەم دێن، (كۆپی و دەقاودەق) میوزیكی میللەتانی دەور و بەرن، تەنها بە گۆڕینی تێكستەكانی بە تێكستێكی كوردی، بە بڕوای خۆیان كارێكی هونەریی سەردەمیانەیان ئەنجامداوە. سەرەڕای ئەم لایەنە نێگەتیڤانە، بە هۆی ناڕۆشنبیریی میوزیكی و هونەرییەوە، ئەم جۆرە بەرهەمانە سەرەتا لەلایەن چینێكی لە تەمەنی نێوان (١٢-٢٥) ساڵی كۆمەڵگەوە بەخێرای پێشوازییان لێدەكرێت و دەنگدانەوەیان لە سۆشیاڵ میدیا و ئەو تیڤییە بازرگانییەكان زۆر دەبێت.
لەو دیاردانەی کە لە نزیکەی ١٥ ساڵەی دواییدا بە زەقی دەبینرێت، لاسایکردنەوەی ئاواز و گۆرانی تورکی و عەرەبیە. گەنجانێکی ناشارەزا و بێئاگا لە پاشخانی مێژووی بەشکۆی میوزیک و گۆرانی کوردی، سەربارەی ئەوەش کە بەبێ ئەزمون و پەروا دەخزێنە نێو ئەم بوارەوە لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنیشەوە بەرهەمەکانیشیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جۆرە فلترێک، بڵاو دەکرێنەوە. لەبەر لاوازیی هونەری ئەم بەرهەمانە و ئەو هۆكارانەی کە باس کران، هەر بەهەمان خێرایی پێشوازییەكە و زۆرجار خێراتر لەوەش لە لای گوێگران و هەوادارنی، كۆن دەبن و بە خێرایی بەسەر دەچن و لە بیر دەچنەوە. چونكە پرۆسەكە ئامانجی میوزیك و هونەر نییە، بەلكو لایەنی دیكەیە، كە دیسانەوە نائاگایی و ناهۆشیاریی ڕۆشنبیریی گشتی، هۆكاری سەرەكی ئەم پرۆسەیەن.
بەشێوەیەكی گشتی بەرهەمەكانی ئەم سەردەمە زۆر كەم خۆیان دەگرن و لە یادگەدا دەمێننەوە. لە راستیدا یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هونەری راستەقینە، مانەوە و نەمرییە، هەر وەك ئەو نموونە باڵایانەی كە لە دونیاندا چەند سەدەیەكە لە نێو هزری خەڵكیدا ماونەتەوە.
لێرەدا دەگەینە هەمان بڕوای هیگڵ، كە دەربارەی هونەر لە سەردەمی مۆدیرنەدا دەیخاتەڕوو و دەڵێت: «لە سەردەمی مۆدێرنەدا، ئەوەی لە ناو دەچێت هونەر نییە، بەڵكو بەرهەمە هونەرییەكەیە». چونکە لە دونیای مۆدێرن، سەختیی ژیان و جیهانێكی ماتریاڵی و رووكەشدا، هەموو بوارەكان ڕووكەش دەكرێن، بۆئەوەی مۆركی تازەگەرییان پێوە دیار بێت.
ئێستا هونەر لە کوردستان، بە زۆری بۆ خۆنمایشکردن و بردنەپێشەوە دەبینرێت. میدیاش بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانە رۆڵیکی زۆر نەرێنی دەگێرێت. هاوکات کۆمپانیاکانیش هۆکارێکی ترن بەتایبەت بەشێک لەو کۆمپانیا هونەرییانەی کە ساڵانە هونەرمەندی بێگانە دێننە کوردستان و کۆنسێرتیان بۆ ساز دەکەن. بەم شێوەیە بروات، نیو سەدەی دیکە هونەری ئێمە نوقمی هونەری بیگانە دەبێت و لە هونەرە رەسەنەکەی خۆمان دوورتر دەکەوینەوە.
بۆ نووسیمی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
پیرباڵ، فەرهاد (٢٠١٠). مێژووی گۆرانی و مۆسیقای کوردی. چاپی یەکەم، هەولێر.
حەمە باقی، حەمە (٢٠١١). موزیک و گۆرانی کوردی. چاپی یەکەم، چاپخانەی هێڤی، هەولێر.
بینەندە، مەسعود (٢٠١٧) رەوتی مۆسیقای کوردی لە نەریتەوە بۆ پۆپ.