شار وەک دامەزراوە و شارسازی وەک ئامرازێکی پەروەردەیی

Hoshang Dara

 

هۆشەنگ دارا

لە یۆنانی کۆندا، لای فەیلەسۆفانی وەک ئەفلاتۆن و ئەرستۆ، پەروەردە هەمیشە ڕێگایەک بووە بۆ گەشتن بە دادپەروەری، خۆشبەختی و تەکامولی مرۆیی. لای ئەفلاتۆن، دەوڵەت پەروەردەکاریی دەگرێتە دەست. لای ئەرستۆش، خودی دەوڵەت بریتییە لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی. لە واقیعی ئەسیناشدا، ئەفلاتۆن ئەکادیمی و ئەرستۆش لیکیۆم-یان بۆ پەروەردە بونیات نابوو. هاوتەریب لەگەڵ ئەمانیش، دەوڵەتەشاری ئەسینا خزمەتگوزاریی پەروەردەیی پێشکەش دەکرد.

سۆفستاییەکانیش، هاوشێوەی کەرتە پەروەردەییە تایبەتییەکانی ئێستا کاریان دەکرد. لە هەموو ئەمانە گرنگتر، کۆی گشتیی شارەکە، وەک ئەوەی کە ئەرستۆ دەیخواست، بریتی بوو لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی. پانتاییە گشتییەکانی ئەسینا بریتی بوون لە دەرفەتێک بۆ فێربوون و فێرکردن. بە واتایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین کە هەموو دانیشتوانی ئەسینا قوتابیی قوتابخانەیەک بوون بە ناوی دەوڵەتە شاری ئەسیناوە. ئەسینا بە چەندین شێوەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ دانیشتوانەکەی فێری لۆژیک و دانایی دەکرد. ئەم کارەش تەنیا لە ڕێگەی مامۆستاکان و فێرکارانەوە نەدەکرا. بەڵکو، لە ڕاستیدا، بە جۆرێک پەرە بە ژینگەی گشتیی شارەکە درا بوو کە هەر پنتێکی بتوانێت دەرخەری حیکمەتێک بێت. بۆ نموونە، لە ئەسینادا فەزیلەتەکان بەرز ڕادەگیران، ڕێز لە جیاوازییەکان دەگیرا و دیموکراسی پیادە دەکرا. پیادەکردنی دیموکراسیش تەنیا ڕەهەندە سیاسی و فەرمانڕەواییەکەی نەدەگرتەوە، بەڵکو ڕەهەندەکانی دیکەشی دەگرتەوە، وەک: ڕێزگرتن لە خەڵک لە تەنیشت ڕێزگرتن لە گەل - گەل بە مانا سیاسییەکەی خەڵک.

لە باشترین نموونەکانی ڕێزگرتن لە خەڵک لە ئەسینا درووستکردنی باڵەخانەی مەزن بوو بۆ خەڵک، بۆ نموونە بۆ شانۆ؛ کە مەزنتر بوون لەو باڵەخانانەی کە بۆ گەل درووست دەکران، بۆ نموونە بۆ ئەنجوومەنی حوکم. ئەم ڕەهەندە بیناسازی و شارسازییەی دیموکراسیی ئەسینایی، ئەسینای کربووە دامەزراوەیەکی گەورەی پەروەردەیی؛ بە جۆرێک هەر شتێکی شارەکە شتێکی بۆ فێرکردن پێ بوو؛ هیچ شتێک لە خۆوە و لە خۆڕا بونیات نەنرابوو. لە ئەسینادا، سەرجەم کوچە و کۆڵانەکان، خانوو و باڵەخانەکان، تابلۆ و پەیکەرەکان، شیعر و ئەفسانەکان، دانایی و فەلسەفەکان دەبوونە مامۆستایەکی فێرکاری نەبیندراو. ئەم ڕەهەندە ماتریالییەی شار، بە تەنیشت ڕەهەندە مرۆیی و فەرهەنگییەکەیەوە، دەرفەتێکی ناوازە بوو بۆ گەیاندنی پەیامە پەروەردەییەکان بە هەموو ئەوانەی کە ناتوانن ڕاستەوخۆ ببنە شاگردی بە پارەی ئوستادەکانیان – وەک ئوستادە سۆفستاییەکان.

لە سەردەمی هاوچەرخدا، تێڕوانینە ئەفلاتۆنی و ئەرستۆییەکان بۆ پەروەردە پاشەکشەیەکی زۆریان کردووە. ئامانجەکانی پەروەردە و فێرکردن لە دادپەروەری و بەختەوەری و تەکامولی مرۆیی وەرگیراونەتەوە و بەستراونەتەوە بە بەرهەمهێنانی کاڵا و پێداویستییەکانی بازاڕەوە. ئێستا پەروەردەکاران، بە زۆری، بریتین لە موچەخۆرانی حکومەت، کرێکارانی پەروەردە، کارمەندانی کۆمپانیاکانی زانست و زانیاری کە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە مرۆیی و ماددییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان دامەزراون. بە گشتی، ئەمڕۆکە مەبەستەکانی پەروەردە بریتین لە پێگەیاندنی کادێرێک کە بتوانێت ببێتە جێگەی ڕەزامەندیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کاڵا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. لە تەنیشت ئەمەوە، شار، وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی دراوەتە دەست خاوەنانی کۆمپانیاکان و شارسازییش هەر بەوان سپێردراوە. لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، ئەو ڕۆڵەی کە تاک، وەک هاوشاری، دەیگێڕێت لە ژێر سێبەری کاریگەرییەکانی جیهانی سەردەمدایە؛ ئەمەش خۆی لە کێبڕکێی شەریفانەی ئاشکرا و ناشەریفانەی نهێنیدا دەبینێتەوە. هەر بۆیە، لە شارەکانی ئێمەدا، دواجار بەرهەمەکانی پەروەردەی تایبەت و گشتی هەر بەرەو خزمەتکردنی کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێن. پانتاییە گشتییەکانی شاریش لە ژێر کاریگەری و بە سەلیقەی کەرتی تایبەت و بە ئامانجی قازانجکردن، نەک پەروەردەکردن لە گەشەدان.

با بپرسین بزانین ئەو شارانەی کە ئێمە تیایاندا دەژین چیمان فێردەکەن؟ هەڵبەت ئەگەر ئێمە خاوەنی شار بین بە مانا فەلسەفییەکەی، نەک بە مانای قەرەباڵغی. لێرەدا، لە ڕەهەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکەی خوێندنەگە تایبەت و گشتییەکان، هەروەهاش لە کۆمپانیاکانی پەروەردە و فێرکردن دەگەڕێین. پرسیار لە سەر بیناسازی و شارسازی دەکەین کە لە ڕاستیدا هەر شتێکی شار، بمانەوێت یان نەمانەوێت، بزانین یان نەزانین، پەیامێکی بۆ هەموو ئەوانە پێیە کە بەری دەکەون؛ کاریگەریشی لە سەر بیرکردنەوە یان لانیکەم زەوق و سەلیقەیان دەبێت. بۆیە دەبێت بپرسین: ئەم شارانەی ئێمە بە دەنگی هۆڕن و موەلیدەی کارەبا، بە ڕەنگی نەحسی دەرگا و پەنجەرەکان، بە بۆنی زبڵی ڕژاو و تەنەکەی خۆڵی ژەنگاوی، بە دیمەنی وایەری ئاڵۆزکاو و عەموودی قوپاو، بە کۆڵانی ناڕێک و خانووی تەجاوز، بە جادەی خراپ و سەیارەی بێ ڕەقەم، بە تەلی دڕکاویی دەوری باخچەکان، بە دیواری ئەستوور و دابڕڕێنەری زانکۆکان، چیمان پێ دەڵێن؟ چیمان فێر دەکەن؟ لە ڕاستیدا، هەر یەکە لەم وێرانییانە، لەم پیسبوونانەی ژینگەی بیستن و بینین و هەستکردن، بە تەنیشت پیسبوونەکانی هەوا و ئاو و خاکەوە، شتێکمان فێردەکەن کە لە دادپەروەری، بەختەوەری و تەکامولی مرۆییەوە نەک هەر زۆر دوورە، بەڵکو دژیشە. چونکە: پەیامی سەیارەیەکی بێڕەقەم و خانوویەکی تەجاوز هەرگیز ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا نییە؛ پەیامی دەنگی هۆڕن و ئیکسۆزی سەیارە و موەلیدەی گەڕەک هەرگیز هێمنی و هێوری نییە؛ پەیامی دیمەنی ئاڵۆزکاویی و شپرزیی شار هەرگیز هونەر و دیسیپلین نییە؛ پەیامی تەلی دڕکاوی و دیواری ئەستوور هەرگیز ئاشنایی و ئاشتەوایی نییە.

بە تەنیشت ئەو وێرانییانەی کە نموونەیان لە سەرەوە باس کرا، جۆرێک لە ئاوەدانی و جوانیش لە شارەکانمان دەبینرێت. هەڵبەت، ئەمانیش جێگەی هەڵوەستە لە سەر کردنن. پێویستە بپرسین ئەم باڵەخانە جوان، بەرز و شووشەییانە چیمان فێردەکەن؟ ئەگەر وێرانەیەکی ناشیرین ئێمە لە فەزیلەتێک دوور بخاتەوە، ئەی ئاوەدانییەکی جوان لە چیمان نزیک دەکاتەوە؟ لە ڕاستیدا، گرنگترین پێوەر بۆ ناسینی ئەو پەیامەی کە ئەم باڵەخانانە هەڵیانگرتووە، زانینی ئەو ئەرکەیە کە بەم باڵەخانانە سپێردراوە. ئەمڕۆکە جوانترینی باڵەخانەکان نە هی خەڵکن و نە هی گەل، نە بۆ خەڵکن و نە بۆ گەل. بەڵکو زۆربەیان، مزگەوتن و هی خودان، کۆنسوڵخانەن و هی بێگانەکانن، سوپەرمارکێتن و هی سەرمایەدارەکانن، یان ئاپارتمانی هەوربڕن و هی کۆمپانیاکانن. تاک و هاوشاری لە بەردەم هەموو ئەم باڵەخانانەدا خاوەن و فێرکار نییە؛ بەڵکو کەسێکە کڕنۆش دەبات و دەپاڕێتەوە، سەردانکەرە و لە نۆرەدا وەستاوە، کڕیارە و بەکاربەرە، یاخود کرێچییە و چاوەڕوانە. ئەو ئەرکەی کە لە ئەستۆی ئەم باڵەخانانەدایە، کە لە گەورەترین و جوانترینی باڵەخانەکانی شارن، ئەرکێکی پەروەردەیی، بە مانا ئەرێنییەکەی نییە؛ بەڵکو ئەرکێکی فێرکارییە کە بە زۆری فێری ئەو شتانەمان دەکەن کە نامانەوێ فێریان بین. بە واتا سادە و سەرەتاییەکەی، بیناسازیی شارەکانی ئێمە پێمان دەڵێت: یان زاهیدێک بە و بۆ ئەو دونیات بژی، یان ساختەچییەک بە و بۆ خۆت بژی. ئەمە کورتکردنەوەی پانتاییەکانی ژیانە لە نێوان میتافیزیک و ماتریالیزمی ڕووتدا؛ سەندنەوەی بەهایە لە هەر فەزیلەتێک کە پارە نەکات. هەر لە بەر ئەمەشە کە ئەمڕۆکە پێوەری ناسکیی شیعر ژمارەی چاپ و تیراژی دیوانەکە و هەروەهاش پێوەری جوانیی هونەر نرخی کۆتایی مەزادەکەیەتی. 

پەیوەست بە بیناسازیی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، شتێک سەرنجی ڕاکێشام: دوو لە جوانترینی باڵەخانەکانی سۆران، لە یەکێک لە قەرەباڵغترین و گرانترین شەقامەکانی شارەکە، بۆ ئاریشتگای خانمان تەرخان کران. واجیهە و ڕووی دەرەوەی باڵەخانەکان جوان و ڕازاوەیە، ئەرکی ناوەوەشیان جوانکاری و ڕازاندنەوەیە. ئەم دوو باڵەخانە، بەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە، هەڵگری پەیامێکن تایبەت بە پرسی جوانی. هەڵبەت ئەم جوانییە، ئیستاتیکا یان ئەو جوانییەی ناو فەلسەفە نیە کە بە فەزیلەتە. بەڵکو جوانی ناو بازاڕە؛ ئەوەیە کە پارە دەکات و بە پارەش پەیدا دەکرێت. جۆرێکە لە جوانی کە کار لە سەر ڕوو و ڕووخساری دەرەوە دەکات. شکڵ و ڕەنگی سرووشتیی پێست و پرچ دەگۆڕێت: تۆخ یان کاڵ، لوول یان لووسی دەکات؛ نینۆک و برژانگ درێژتر و برۆ باریکتر دەکات. هەموو ئەم گۆڕانکارییانەش لە ناو دوو کەوانەدا جوانن. ئەمانە جۆرێک لە جوانیی دێننە ئاراوە: جوانیی بازاڕپەسەند - لەگەڵ سەرنجدان لەوەی کە تا چەند جوانیناسیی ئێمە دەستکاریی کراوە. هەرچەندە ئەرکی ڕاستەوخۆی ئەم باڵەخانانە پەروەردە و فێرکردن یان گۆڕینی سەلیقە و ئاراستەکردنی جوانیناسی هاوشارییان نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ ئەم ڕۆڵە دەگێڕن. ئەوان ئەم پەیامە دەگەیەنن کە: سەردەم سەردەمی جوانییە، جوانیی سەردەمییانەش پێویستیی بە باڵەخانەی جوان و جوانکاری گرانبەها هەیە – چیدیش شەرتی جوانیی چاو و برۆ نییە.

لە کۆتاییدا، دەمەوێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ پەرەگرافی یەکەمی ئەم نووسینە: لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا، پەروەردە ڕێگایەکە بۆ گەشتن بە دادپەروەری، خۆشبەختی و تەکامولی مرۆیی. شار، بە هەموو پانتاییە گشتییەکانیەوە، بریتییە لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و دەرفەتێکە بۆ فێربوون و فێرکردن. هەر شتێکی شار، هەڵگری پەیامێکە و شتێک فێری هاوشارییان دەکات. بۆیە گرنگە بە سەرنجێکی پەروەردەییەوە لە پێکهاتەی شار بڕوانین و بزانین کە شارسازی ئامرازێکە بۆ پەروەردەکردن. کەواتە، جێی خۆیەتی لە ئەرک و پەیامە پەروەردەییەکانی باڵەخانەکانی شار بپرسین؛ بپرسین: ئەم هەموو چایخانە و کافتریای نێرگەلەیە، ئەم هەموو مەتعەم و دوکانی لەفەیە، ئەم هەموو سەیدەلیە و عەیادەی دکتۆرە چیمان فێر دەکەن؟ بەهای کات و کار، گرنگیی خوان و سفرە، ساغلەمی و سەرحاڵی؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر.

-   ئەم بابەتە لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری ئاژین-دا بڵاو کراوەتەوە. ئاژین گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی مەعریفیی وەرزییە، فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران دەریدەکات.