دیفاکتۆی پرسی کورد

Rebaz

 

رێباز سەلێم

کورد نەتەوەیەکی (٥٠) ملیۆن کەسییە. گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە سەر زەوی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین. خەباتی کوردەکان بە ئاست و قۆناغی جیاواز تێپەڕیووە. بەڵام لە هەر چوار پارچەی کوردستان تایبەتمەندیێکی هاوبەشی هەبووە کە بریتییە لە “بەردەوام بوون”. لەسەر خەباتی مەدەنی و چەکداری، مەبەست دامەزراندنی وڵات و دەوڵەتە.

گەلی کورد به پێوەرەکانی سیاسی، مێژوویی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و جوگرافی نەتەوەیەکی جیاواز لە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەبە که بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان بەڕیتانیا-فەڕەنسا بەسەر چوار دەوڵەتی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا بەبێ گەڕانەوە بۆ گەلی کورد دابەش کراوە.

ئێستا له کوردستانی باشوور دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، زیاتر له  ٢٢ ساڵە سەرەڕای دروستبوونی دەیان تەنگ و چەڵەمە، جێبەجێ نەکردنی دەستوور، وەک قەوارەیەک لە چوارچێوەی عێراق ئیدارەی خۆی دەکات. هەروەها، کوردستانی ژێر دەستی سوورییەکان لە ڕۆژئاوا [هەرچەندە، بەهۆی وێرانی شتێک به ناوی سوریا نەماوە] سەرەڕای بەربەستەکان، کورد له ڕۆژئاوا بەسەر خاکی خۆیدا زاڵه. بۆیە، لێرەدا دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا پرسێک هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەناوی پرسی کورد؟

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە، وتەی "کیسینجەر" دێنمەوە زۆر بە ڕوونی دەڵێت: "ئێمە پشتی کوردەکان دەگرین تا سنووری خۆی بەڕێوەبەری هەتا هەتایی نەک دەوڵەت." چونکە بە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە عێراق، هەم هاوپەیمانە تورک و ئێرانییەکانی ''سەردەمی شا'' دڵگران دەبن لێمان، هەمیش قەیرانێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دورست دەکەین. لێرەدا دەتوانین بڵێین: پرسی کورد فرە ڕەهەندە لە دیدی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی؛ لێرەدا ئەو ڕەهەندانە بە چەند خاڵێک دەست نیشان دەکەین:

ڕەهەندی ناوخۆیی: لەسەر ئاستی ناوخۆیی کورد تاوەکو ئێستا لەسەر هەموو پرسەکان یەکگرتوو نین کە پێویستە لەسەر بەرژەوەندی باڵاکانی نەتەوەی کورد یەك ڕەنگ و یەک دەنگ بن.

لەسەر ئاستی ناوچەیی: بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئێستا بەردەستە، ئێستا زیاتر لە جاران دەمان ناسن، بەتایبەتی لەم کابینەیەدا زیاتر پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان دراوە. ئەمەش دواجار بە قازانجی نەتەوەی کورد تەواو دەبێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی: کوردستان وەکوو کارەکتەرێکی نادەوڵەتی توانیویەتی باشترین پەیوەندی لەگەڵ دەڵەتە زلهێزەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەڕیتانیا و ئەڵمانیا دروست بکات. بەڵام بەداخەوە کاتێک چەند پرسێکی نەتەوەیی وەکوو مافی چارەی خۆنووسین دێتە ئاراوە خۆیان بێ دەنگ دەکەن.

هەر بۆیە ئەو پرسانەی کە پێویستە کورد زیاتر کاری لەسەر بکات بریتین لە:

- خۆ ڕێکخستنی نەتەویی.

- خۆ ڕێکخستنی پارت و لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی دەستکەوتنی زۆرترین قازانج بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان.

- زیاتر زەقکردنەوەی پرسە نەتەوەییەکان، وەکوو مافی چارەی خۆنووسین، زمان و کلتوور.

- دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی دڵسۆزانە.

- زیاتر چەسپاندنی بنەماکانی ئابووری و لامەرکەزیەتی کارگێڕی.

- کارکردن لەسەر ئەوەی کە ئیتر مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە.

لە ئەنجامدا، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە بە یەکگرتوویی سیاسی و یەک گوتاری دەسکەوتەکانمان زیاترە، بە پێچەوانەشەوە پەرتەوازەیی جگە لە ماڵ وێرانی هیچی لێ سەوز نابێت. بۆیە، پێویستە کار لەسەر پایەکانی مافی چارەی خۆنووسین بکرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی. (جان جاک رۆسۆ) دەڵێت: "مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێت کەچی لە هەموو شوێنێکدا زنجیری کۆیلایەتی بەکێش دەکات." بێگومان سەرەکیترین و یەکەمین کۆلەکەی ژیان و بەرزترین هیوای مرۆڤ (ئازادی)ـیە. ژیان بەبێ ئازادی ژیان نییە.

(گـاندی)ـیش دەڵێت: "ئەگەر نەتوانین بە ئازادی بژین، باشتر وایە باوەش بۆ مەرگ بکەینەوە."