پەیکەرەکەی وەهاباغا و چەند وردە سەرنجێکی بینەرانە

Sli

 

هۆشەنگ دارا

لە یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی عەبدولوەهاب ڕەواندوزی - وەهاباغای جوندیان، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا زنجیرە چالاکییەک بەڕێوە چوون. بەشێک لەو چالاکییانە بریتی بوون لە پێشکەشکردنی چەند وتارێک، کردنەوەی پێشانگایەک بۆ خستنەڕووی چەندین بەڵگەنامە و هەروەها لادانی پەردە لە سەر پەیکەری مەرحوومیان. چالاکییەکان بۆ ڕێزگرتن بوون لە خەبات و قوربانیدانی وەهاباغا؛ پەیکەرەکەش بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ڕۆحە شۆڕگێڕانەیەیە کە لەودا هەبووە و نیشتیمان هێشتا پێویستیی پێیەتی.

من، دەرفەتی ئەوەم نەبوو لە ڕێوڕەسم و چالاکییەکاندا ئامادە بم؛ پەیکەرەکەشم لە ماتریاڵە میدیاییەکاندا بەرچاو کەوت و سەرنجم دا. ڕۆژانی دواتر، بە پێچەکانی نێوان کاولۆکان و ڕەواندوزدا سەرکەوتم و گەشتمە لای پەیکەرەکە. بە وردی دیقەتم دا: پەیکەرێکی باڵابەرز و ڕەنگ زێڕین کە تا ڕادەیەکی باش وردەکاریی هونەریی تێدا بە خەرج دراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، هەستم کرد پەیکەرەکە، وەک بەرهەمێکی هونەری، پەیامێکی هەڵە بە من دەگەیەنێت. پەیامێک کە تەواو پێچەوانەی ئەو ئامانجەیە کە پەیکەرەکەی بۆ درووستکراوە.

واز لە بابەتە هونەرییەکان دێنم، چونکە ئەوانە کاری من نین و بۆ پسپۆڕانی بوارەکەی لێدەگەڕێم؛ بەڵام دەمەوێت وەک تەماشاکارێک قسە لە سەر ئەو پەیکەرە بکەم. دەمەوێت باسی ئەو هەست و مانایانە بکەم کە پەیکەرتاش لە ڕێگەی پەیکەرەکەوە بۆ منی تەماشاکاری دەگوازێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەوەی من وەک ئیلهام لەم پەیکەرەم وەرگرت، هەستێکی خۆش و پڕ لە شانازی نەبوو؛ بەڵکو پڕاوپڕ بوو لە کڵۆڵی و ژێرچەپۆکی، لە دۆشداماوی و ئەسارەت.

ئەم پەیکەرە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی وەهاباغا درووست کراوە. وەهاباغا، وەک لە ژیاننامەیدا هەیە و لە وتارەکانیشدا ئاماژەی پێکرا کەسێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بووە، لێوانلێو بووە لە قارەمانێتی، بوێری و لەخۆبوردەیی و هەروەها کەسێک بووە کە حەزی لە هونەر و کولتوور و خوێندنەوە بووە. بەڵام پەیکەرەکە دەربڕی هیچ یەک لەو سیفات و تایبەتمەندییانە نییە، بەڵکو وەهاباغامان نیشان دەدات وەک دیلێک – دیلێک دەست و پێ بە کۆت و زەنجیرەوە، دڵ و دەروونیش بە ئاه و ئەسەفەوە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە وەهاباغا، لە ژیانیدا زەحمەتیی زۆری چەشتووە؛ وەک ئەسارەت و حوکمدانی بە ئیعدام. لەگەڵ ئەمەشدا کەسێکی چالاک و مەیدانی بووە و خۆشییەکانی دوای سەرکەوتنی دەیان چالاکیی و داستانیشی نۆشیوە. لە هەمووی گرنگتر، لە عاقیبەتدا، مەرحوومیان بە مەرگێکی ئاسان و ئاسایی و لە ئازادیدا سەری ناوەتەوە، نەک لە ناو بەندی دوژمن و لە ژێر چەپۆکی زاڵمدا. پەیکەرەکە کارێکی تەواو یەک ڕەهەندە و لە قاڵبی ئەو وێنەیەدا قەتیس ماوە کە پەیکەرەکەی لە سەر درووست کراوە. پەیکەرتاش نەیتوانیوە لە دەرەوەی ئەو وێنەیە بیر بکاتەوە. بیریشی بۆ ئەو کاریگەرییانە نەچووە کە دەکرێت لە ڕێگەی ئەم پەیکەرەوە بۆ نەوەی نوێ و نەوەکانی داهاتوو بگوازرێتەوە.

بە ڕای من، دەکرا پەیکەرەکە هێندە شکۆمەند درووست بکرێت کە ببووبا بە وانەیەک بۆ هەموومان و پێمانی بوتایە کە: زیندان هەرچی سەخت بێت، رۆژێک تەواو هەر دەبێت؛ زنجیر هەرچەند ئەستوور بێت، ڕۆژێک هەر دەپسێت؛ سەرکەوتن نسیبی ئەوانەیە بۆی تێدەکۆشن؛ ئەوەی لە ناو مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئازادیخوازەکانن، نەک سەرکوتکار و ستەمکاران؛ ئەوەتا من نەمان، بەڵام ئەوەی خەباتم بۆ کرد هەر ماوە؛ من کۆتاییم هات، بەڵام چیرۆکەکەم هەر بەردەوامە. بەڵام، مخابن، پەیکەرەکە هیچ یەک لەم پەیامانە، یان پەیامی هاوشێوە ناگوازێتەوە، بگرە پەیامی پێچەوانەش دەگوازێتەوە. وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت: عاقیبەتی هەر کەسێک کە لە پێناو ئازادیی وڵاتەکەیدا خەبات بکات هەر کۆتوبەند و زیندانە؛ ئەگەر وەهاباغا حەقی لە سەر سیاسەت و شۆڕش و ڕاپەڕین نەبووایە، زۆرتر و خۆشتر دەژیا؛ کەس بە مێژووی کورددا هەڵنەڵێ، ئەوە نموونەی دۆخی باوباپیرانمان بووە.

پەیکەرەکە پێچەوانەی ئەو هەموو شوجاعەتەیە کە لە ژیانی کەسیی وەهاباغادا هەبووە. پێچەوانەی هەموو ئەو قارەمانێتییەیە کە لە ژیانی خۆیدا تۆماری کردووە. پەیکەرتاش، لە ناو شەست و سێ ساڵی ژیانی وەهاباغادا، تەنیا یەک چرکە، یەک چرکەی وێنەگرتنەکەمان بۆ دەگوازێتەوە کە لە دیلی و ژێردەستەییدا تۆمار کراوە و هەموو سات و ساڵەکانی دیکەی تەمەنی وەهاباغا بە فەرامۆشی دەسپێرێت. پەیکەرەکە ئەو سیفاتانەی تێدا نییە کە لە تێکڕایی تەمەنی وەهاباغادا بوونیان هەبووە، بەڵکو تەنیا یەک دۆخی چرکەساتیی تێدا بەرجەستە کراوە و بە ستەم بەسەریدا سەپێندراوە – ستەمی دووەم، ستەمی پەیکەرتاشەکەیە لە وەهاباغا کە دیلێتیی ئەوەی بەرجەستە کردووە، نەک ئازایەتییەکەی. لە ڕاستیدا، لەم پەیکەرەدا، زوڵمی زاڵمان زیاتر لە ئازادیی ئازادیخوازن بەرجەستە کراوە. بە ڕای متەوازیعی من، دەکرا تەنیا بە پساندنی زنجیرەکان و خستنە ژێر پێیەوە، ئەم پەیکەرە پەیامی درووستتری بگەیاندایە؛ یان دەکرا دەستێکی بەرز بکردایەتەوە و بەرەو ڕەواندوز ئاماژەی بکردایە و ئەو پەیامەی بگەیاندایە کە: ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش.

تێبینییەکی دیکە ئەوەیە کە، بە ڕای من، لەوانەیە گونجاوترین شوێن بۆ دانانی پەیکەرەکە هەر ئەو شوێنە بێت کە ئێستا تیایدا دانراوە؛ بەڵام ئەمە ئەگەر پەیکەرەکە بەو شێوەیەی ئەوەی ئێستای نەبووایە. ئێستا پەیکەرەکە هیچ گونجان و هارمۆنیایەکی لەگەڵ شوێنی دانانەکەیدا نییە؛ چونکە ناکرێت بە قەدپاڵی شاخێکی سەرکەشەوە پەیکەرێکی دیل دابنرێت – بەڵێ، پەیکەرێکی دیل، نەک پەیکەری دیلێک، چونکە ئەوەی دیلە پەیکەرەکەیە، نەک وەهاباغا. نازانم تا چەند ڕێی تێدەچێت و کردارەکییە، بەڵام دەمەوێت لێرەدا پێشنیازی هەڵگرتن، دەستکاری و دووبارە دانانەوەی ئەم پەیکەرە بکەم. وەک کەسێک کە کۆتاییەکانی هەموو هەفتەیەک بە سەر پێچەکانی ڕەواندوزدا سەردەکەوم، حەزم لێیە لەو پێچە سەختانەدا پەیکەرێک ببینم کە وزەم پێ ببەخشێت و گڕوتینم بداتێ، نەک ئەژنۆم شل بکات و هەناسەم سارد.