Dr Fazl

مەترسی بەشەکانی زمان لەسەر هەستی نەتەوەیی قوتابیان

 

 

لە تەواوی زانکۆکانی جیهاندا کۆلێژێک هەیە ئەو بەشانە لەخۆ دەگرێت کە تایبەتن بەخوێندنی زمانە جیهانییەکان، بۆ شارەزابوون و فێربوونی زمان و ئەدەب و کلتوری گەلان. لە زانکۆکانی کوردستانیش بەهەمان شێوە ئەو بەشانە ئەبینرێن، لەپێش هەمویانەوە بەشی ئینگلیزی و بەشی عەرەبی، کە ئەتوانین بڵێیین لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستاندا هەن، جگە لە بەشەکانی فارسی و تورکی و فەرەنسی و ئەڵمانی و سینی لە هەندێ لە زانکۆکاندا. سەرباری کرانەوە و ئاگاداربوون لە زمان و ئەدەب و کلتوری ئەو وڵاتانەی زمانەکانیان ئەخوێنرێن؛ زانکۆکان کەسانی شارەزا پێشکەش بە کەرتە گشتی و تایبەتییە جۆراوجۆرەکانی وڵات ئەکەن. ئەمە ئەو مەبەستە زانستیەیە کە هۆکاری پشت کردنەوەی بەشەکانی زمانە  لە تەواوی زانکۆکانی جیهاندا، هەر ئەمەش دیوە ئەرێنییەکەیە و هاندەری فێرخوازانە ڕوو لەو بەشانە بکەن.

با لێرەوە تاوێک ڕاوەستین، بواری قسەکردنیشمان جیهانی نەبێت و سنورداری بکەین بەم هەرێمەی خۆمان، ئینجا لە مەبەستە سەرەکییەکەی ئەم بەشانە و دەرئەنجامەکانییان بکۆڵینەوە، دواتر بزانین لە پەنای ئەو دیوە گەشەدا هیچ لێکەوتەیەکی تر ئەبینین؟ بە وردی ڕامێنین تا بزانین لەڕێ بەشەکانی زمانەوە هیچ مەترسییەک لەسەر قوتابیان و هەستی نەتەوەییان دروست ئەبێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە خۆمان بپرسین بە چ پاساوێک بابەتێکی لەم جۆرە گەڵاڵە ئەکرێت؟

بۆ تێگەیشتن لەو پرسیارانە و وەڵامەکانییان؛ باشتر وایە سەرەتا بزانین هەرچی ئەیڵێین ڕێژەییە و ڕەها نییە، هەروەها بەرمەبنای ئەزمونی چەند ساڵەیە وزادەی هەڵهێنجاندنە لەو واقیعەی کە ئەیبینین.

لە ڕاستیدا ئەم بەشانە دەروازەی  ئاشنا بونن بە زمان و شارستانییەتی گەلان و وڵاتانی تر،  پێوەرە زانستییەکان وا ئەخوازن قوتابیان لەم بەشانەدا ئاشکرا بکرێن بە جوانی و وردەکاری و خاڵە بەهێز و سەرنجڕاکێشەکانی ئەو زمانانە و ئەو دەقانەی ئەخوێنرێن. ئیتر لەڕێی بابەتە دەستنیشانکرەوەکانەوە سەرنجی قوتابیان بۆ زمان و مێژو و کلتور و ئەدەب و شارستانیەت و چەندین لایەنی ژیاریی ئەو گەل و وڵاتانە ڕائەکێشرێت، قوتابی تا ڕادەیەکی زۆر تێکەڵ بەو لایەنانە ئەبێت، ئەم تێکەڵییە چوار ساڵی خوێندنی زانکۆ بەردەوام ئەبێت، جگە لەساڵانی خوێدنی باڵا بۆ ئەوانەی درێژە بەخوێندن ئەدەن. لەدەروەی خوێندنیش؛ دەرچوانی ئەو بەشانە بەدرێژایی ژیانیان لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ ئەو زمانانەدا، پێیان ئەخوێننەوە و گوێئەگرن و سەیر ئەکەن. بەمجۆرە ئێمە قسە لە کاریگەرییەک ئەکەین کە لە یەکەم ڕۆژی زانکۆوە دەستپێئەکات و بەدرێژایی ژیان بەردەوام ئەبێت. 

ئەم پەیوەندییە بەردەوامە وا ئەکات قوتابیان سەرسام بن بەو زمانانە و لایەنەکانی تریش، بەهۆی ئەو کارلێکە بەردەوامەوە قوتابیان وردە وردە لە زمانە بێگانەکان نزیک ئەبنەوە، بەو ئەندازەیەش لە زمانی دایک دوور ئەکەونەوە، هەر ئەمەش وائەکات زانین و قسەپێکردن بەو زمانانە بە دەستکەوتێکی هێندە گەورە بزانن کە لە زمانی دایکدا نایبینن، بە تایبەتی ئەگەر ئەو زمانە بێگانەیە ئینگلیزی بێت. ئەم تێڕوانینە بەجۆرێک لە نەستتدا چەق دائەکوتێت کە دەرچوی ئەو بەشانە تا بتوانێت خۆی بەو زمانانەدا هەڵئەواسێت، هەوڵئەدات زۆرترین جار بەکاری بێنێت، هیچ نەبێت زۆرترین وشە بخزێنێتە ناو ئاخاوتن و دوان و نوسینیەوە. لەوانەیە سەرنجێکی نوسین و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی بەشێک لە دەرچوان و مامۆستایانی ئەو بەشانە بەس بێت تا ئەم ڕاستییەمان بۆ دەرکەوێت، وە بۆمان دەرکەوێت ئەگەر هەندێک جاریش بە کوردی بنوسن؛ یان بە پیتی لاتینی ئەنوسن، یان بە فۆنتی عەرەبی، ئەوە هەڵەی ڕێنوس و ڕێزمان لێگەڕێ.

ئەگەر سەرنج بدەین لەم بەشانەدا، تەنها لە یەک خولدا وانەی کوردۆلۆجی ئەخوێنرێت، ئیتر قوتابی ئازاد ئەکرێت بۆ خۆی بچێتە جیهانێکی ترەوە، وردە وردە لە کوردی و جوانییەکانی دوور بکەوێتەوە، هەر بەو ئەندازەیەش لە هەستی کوردبوون دوور بکەوێتەوە، بەو واتایە نا بڵێ کورد نیم، بەڵکو بەو واتایەی تا ڕادەی بەدمەستی هۆگری زمان و ئەدەبیاتە بێگانەکان بێت، بە تایبەت ئەو زمانانەی لە ئێستادا وڵاتانی زلهێز بەکاریان دێنن.

ئەم ئالوودەبونە بە زمان و کلتوری بێگانە نەک تەنها لەو بەشانەی زماندا، بگرە لەو قوتابخانە ئەهلیانەش هەستی پێئەکرێت کە خوێندنیان بە زمانی بێگانەیە، بەتایبەت ئینگلیزی. قوتابی جگەلەوەی کوردی فێرنابێت؛ زۆر بە خەستیش ئەچیتە ناو جیهانە بێگانەکەوە، لە ماڵەوەش بە هەمان بڕ و ئەندازە هان ئەدرێت بە زمانی بێگانە بدوێت، وەک ئەوان بپۆشێت، وەک ئەوان بخوات، وەک ئەوان بیربکاتەوە. ئیتر ئەو قوتابییە خۆی نامۆ ئەبینێت بە زمان و کلتوری نەتەوەکەی خۆی، بگرە خۆی لە کلتوری نەتەوەیکی بێگانەدا ئەبینێتەوە. لێرەوەیە ئەڵێین کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی نەتەوەیی دروست ئەبێت.

ئەگەر سەرنجێکی وڵاتانی داگیرکەر بدەین ئەبینین زمانیان بە باشترین هۆکاری چەسپاندن و بەردوامی داگیرکاری زانیوە، پاش داگیرکاری سەربازی بە گرنگیان زانیوە لەڕێی زمانەوە دەست بەسەر دڵ و هۆشی گەلانی داگیرکراودا بگرن، بۆیە بە پلانی تۆکمەوە هەوڵیانداوە لەم گۆڕەپانەی شەڕیشدا براوە بن. لەبەر ئەوە ئەبینین بیێر فۆسمان -کە دامەزرێنەری پەیمانگای ئالیانس فرەنسێس بۆ فێرکردنی زمانی فەرەنسی- پێیوایە داگیرکاری سەربازی هیچ سودێکی نییە بەبێ داگیرکردنی دڵ وهۆشی هاوڵاتییانی ناوچەداگیرکراوەکان، بە بۆچوونی ئەو ئەمەش تەنها لە ڕێی فێرکردنی زمانی فەڕەنسییەوە ئەبێت، بۆیە جەخت لە بڵاوکردنەوە و فێرکردنی فەڕەنسی ئەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە نوسەر و بیرمەندی عەرەبی مەستەفا سادق ئەلرافعی لە کتێبی (وحی القلم) دا ئەڵێت: " هیچ جێی سەرسوڕمان نییە ئەگەر زمان مەبەستی یەکەمی داگیرکەران بێت، چونکە سەرەتای گۆڕانکاری لە هەر گەلێکدا لە ڕێی زمانییەوە ئەبێت، لێرەوە گۆڕانکارییەکان لە هزر و سۆز و ئاواتەکاندا دروست ئەبن، هەر گەلێکیش لە ڕەچەڵەکی زمانەکەی دابڕا؛ لە ڕابردووەکەشی دائەبڕێت، ئەو کاتە نەتەوەکەشی ئەبێتە وێنەیەکی یادگاریی مێژویی ، نەک وێنەیەکی بەرجەستە لە ئێستایدا".

کەواتە لەڕێی زمانەوە بە ئاسانی بیر و سۆزی خەڵکی داگیر ئەکرێت، هەر ئەمەش وا ئەکات هەڵوەستە لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە بکەین، کەوا دەرئەکەوێت ئاوڕی لێنەدرابێتەوە و بە هەند وەرنەگیرابێت. بۆیە زەرەر لە نیوەشدا بگەڕێتەوە باشترە، دەکرێت لە مەودوا وردتر مامەڵە لەگەڵ بەشەکانی زمان و پێگەیاندنی قوتابیانی ئەو بەشانەدا بکرێت، لایەنی نەتەوەیی و خۆشەویستی وڵات و داب و نەریت و کلتور لەبەرچاو بگیرێت. هەرچەندە ئەم هۆشدارییە درەنگە، زوو نیە، بەڵام درەنگ بگەیت باشترە لەوەی هەر نەگەیت.

بۆ ئەوەی ئەم بەشانە ئەنجامێکی باش بدەن بەدەستەوە و کاریگەری لاوەکییان لێنەکەوێتەوە؛ پێویست ئەکات پێش هەموو شتێک مامۆستاکانیان ئاگاداری ئەم مەترسیانە بن، تا بتوانن بە وریایەوە ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن. بۆیە ئەکرێت لە پاڵ باسکردنی هەرجوانییەکی زمان و ئەدەبی بێگانەدا ناوبەناو ئاوڕ لە زمان و ئەدەبی کوردیش بدرێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر مامۆستایەک باسی توانای گەورەی موتەنەببی و ئاستی بەرزی شیعرەکانی بکات؛ ئەتوانێت نمونەیەکی هاوشێوەش لە ئەدەبی کوردی بیری قوتابیان بخاتەوە، ئەتوانێت بەراوردێکی خێرا بکات، بێگومان ئەو کاتە قوتابی متمانەی بە زمان و دەوڵەمەندی ئەدەبی نەتەوەکەی خۆی ئەبێت، هەستی خۆبەکەمزانی لا دروست نابێت، ئاخر ئێمە نەک هیچمان کەم نییە، بگرە زۆرجار باشتریشین، ئەگەر موتەنەببی گەورە شاعری عەبباسی بە یەک زمان شعری نوسیبێت؛ شاعرانی ئێمە بە سێ زمان داهێنانیان کردوە، بۆیە نالی ئەڵێت:

کورد و تورک و عەرەبم هەرسێ بەدەفتەر گرتووە

خاوەنی سێ موڵکە نالی ئەمڕۆ دیوانی هەیە.

مەولەوی بە هەورامی دیوانێکی هەیە، بە سۆرانی ( عقیدەی مەرچیەی) نوسیوە، بە عەرەبی ( الفچیله‌) ی داناوە، بە فارسی ( فوائح) ی هۆنیوەتەوە، ئەم سیانەی کۆتایی قسەکردنە لە زانستی کەلام بە شیعر، بێگومان ئەوەش توانایەکی کەموێنەی ئەوێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی شاعیرانی ئێمە وتویانە قسەی ئاسایی نەبوە، بەڵکو گەوهەر بوە، وەک سافی هیرانی ئەڵێت:

بە میزانی ئەدەب لەفڤی هەمووی هەر شەککەرە صافی

لە نێو دەریای غەزەلدا وەک غەواصی گەوهەرە صافی.

 

لە هەر بوارێکدا دەکرێت گەوهەرە بە پرشنگەکانی خۆشمان نمایش بکەین، لە پاڵ باسی چۆمسکی و عبدولقاهری جرجانی و ڤیکتۆر هۆگۆدا؛ ئەکرێت یادێکی خێری گەورەپیاوانی وەک مەسعود موحەممەدیش بکرێت، بەمجۆرە  هەمیشە پەیوەندی قوتابی و سەرمایە نەتەوەییەکانی نوێ ئەبێتەوە. 

بەڵام ئەگەر مامۆستایانی بەڕێز ئەو ئەرکە نەکێشن، یان هەست بەو مەترسیە نەکەن، ناتوانن وەک پێویست ڕۆڵێکی باش بگێڕن، بە پێچەوانەوە لەوانەیە بە بارەکەی تردا قوتابیان ببەن. بۆ نمونە بڵاوکراوەیەکی مامۆستایەکی زانکۆم بەرچاو کەوت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بە عەرەبی نوسیبوی، سەیرێکی کۆمێنتەکانم کرد، هەموو ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە ئەمناسین و کۆمێنتیان بۆ نووسیبوو، بە عەرەبی  نووسیبوونیان. ئەمە یەکێکە لەو مەترسییانەی لە بەشەکانی زمانەوە ئەکەوێتەوە. بە دڵنییاییەوە ئەم مەترسییە لە بەشەکانی ئینگلیزی گەوەرەتر ئەبێت، بەو پێیە زمانەکە جیهانییە و داواکاری زیاتری لەسەرە. زمانەکە زیاتر هەڵئەگرێت کە مامۆستایان و قوتابیان و دەرچوان خۆیانی پێوە هەڵکێشن، ئەم خاڵەش بە ڕونتر هەستی پێئەکرێت بەراورد بە زمانەکانی تر.

لە کۆتاییدا ئەڵێم: ئەم مەترسییە ئەبێت ئاوڕی لێبدرێتەوە، بەکەم سەیر نەکرێت، چونکە زمان و کلتور و نەتەوەی ئێمە دەیان مەترسی لەسەرە، هەموو ئەو  مەترسییانە پێکەوە ئەتوانن کاریگەری گەورە بەجێبێڵن، ئەگەر جی جیاوازیش بن لە بڕ و هێزی مەترسیدا.

 

د.فازل حەمەسەعید