گه‌لان جه‌بار:چه‌ند قوتابییه‌ك دوای ئه‌وه‌ی پێشانگامان بۆ كردنه‌وه‌، توانیان  كاری خۆیان ده‌ستپێبكه‌ن.

Sli

 

ــ ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌، قوتابییان به‌ به‌هره‌كانیان ئاشنا بن و په‌ره‌یان پێبده‌ن له‌ پاڵ ده‌رس و وانه‌كانیان.

یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر زانكۆیه‌ك، داینامیكیه‌تییه‌تی. داینامیكییه‌ته‌كه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ راده‌ی ئاماده‌یی و چالاكی هه‌موو ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه‌ له‌ ناویدا هه‌ن. به‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، زانكۆی سۆران سه‌رنجی تایبه‌تی خستووه‌ته‌سه‌ر به‌رز راگرتنی ئه‌و چالاكی و جموجۆڵانه‌ و، هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ كاره‌كته‌ره‌ جیاوازه‌كان بێنێته‌ ناو گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا، قوتابییانیش به‌ توانا و گوڕێكی شیاوی سه‌رنج هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌و، به‌ دامه‌زراندنی چه‌ند گرووپێكی تایبه‌ت، له‌ بواری جۆراوجۆردا، كارده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و گرووپانه‌، پلاتفۆرمی قوتابییه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانی زانكۆی سۆرانه‌. له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی زانكۆ، "گه‌لان جه‌بار" قوتابی به‌شی زمانی ئینگلیزی فاكه‌ڵتی ئاداب، كه‌ سه‌رۆكی پلاتفۆرمه‌كه‌یه‌، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌ و سه‌رنجی خسته‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی پلاتفۆرمه‌كه‌یان.

له‌ سه‌ره‌تادا، گه‌لان خان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامانجی درووستكردنی پلاتفۆرمه‌كه‌، گوتی، ئامانج لە دامه‌زراندنی پلاتفۆرمی قوتابییە بەھرەمەندەکانی زانکۆی سۆران ئەوە بوو، کار بۆ کۆکردنەوەی ئەو قوتابییانە بكات، كه‌ لە بواری جۆراوجۆردا خاوەن لێهاتوویی تایبەتن، تا لە چوارچێوەیەکی رێکخراودا كار بكه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هاندانی قوتابییان تا باوه‌ڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێ و خۆیان بناسن و بەهرە شاراوەکانیان بدۆزنەوە و پەرەیان پێبدەن. خاڵێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی قوتابییه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانه‌وه‌، بتوانین بیانخه‌ینه‌ ناو كایه‌ی گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاست و توانای داهێنانیان ببه‌نه‌ سه‌ر و بتوانن چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجامبده‌ین.

سه‌رۆكی پلاتفۆرمی قوتابییه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كان، سه‌باره‌ت به‌ ئاستی به‌شداری قوتابییان له‌ پلاتفۆرمه‌كه‌یاندا، گوتی، چەندین قوتابی بەھرەمەندی زانکۆ لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە توانیان بەھرەی خۆیان دەرخەن. کۆڕ و سیمینار و پێشەنگاشمان بۆ رێكخستوون و به‌ سه‌ركه‌وتووییه‌وه‌ بەھرەکانیان نیشانداوە. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ چەند قوتابییه‌ك توانیان لە ڕێگەی پیشاندانی بەھرەمەندییان، کار بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی به‌رده‌م به‌هره‌ی قوتابییان و چۆنیه‌تی روانینی قوتابییان بۆ به‌هره‌كانیان و كێشه‌كانی به‌رده‌میان، گه‌لان گوتی،  قوتابییان بێکێشە نەبوون و نین بۆ پەرەدان بە توانا و پیشاندانی بەھرەمەندی خۆیان. زۆرێکیان بەھۆی نالەباری و باروودۆخی ژیانیان و خوێندن و نەبوونی کاتی گونجاو، وازیان لە بەھرەکەی خۆیان ھێناوه‌، زۆرێکیشیان لەو باوەڕەن کە بەھرەکانیان زۆرجار لێرە جێگەی بایەخ نین و گرینگیان پێنادرێت، بۆیه‌ كۆڵیان داوه‌. به‌ڵام كاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هانده‌ر و هاوكارییان بین له‌ نه‌هێشتنی رێگره‌كانی به‌رده‌میان و، به‌خۆشییه‌وه‌ تا ئاستێكی باشیش چووینه‌ته‌ پێش.

یه‌كیكی دیكه‌ له‌ پرسیاره‌كان، په‌یوه‌ست بوو به‌ جۆری چالاكییه‌كانی پلاتفۆرم، كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: چالاکییەکانمان بریتین له‌ کردنەوەی پێشانگا و ئەنجامدانی کۆڕی شیعری و سیمینار و ئەنجامدانی پێشبڕکێ، ھەروه‌ھا کردنەوەی خولی وێنەکێشان و ئەنجامدانی چالاکی ژینگەیی لەناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ درووستکردنی گرووپی شاخەوانی زانکۆی سۆران. هه‌روه‌ها بەپێی ڕۆژە جیھانییەکانیش چالاکی تایبەتمان ھەبووە، كه‌ قوتابییان به‌هره‌ی خۆیانیان تێدا نیشانداوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌كانی ئیستایان له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا، سه‌رۆكی پلاتفۆرم گوتی، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و داخرانی زانکۆ، چالاکییەکانمان لە ئێستادا بریتین له‌ خوێندنەوەی کتێب (حەفتانە) و گرتنی ڤیدیۆی هاندان لەلایەن قوتابییانی زانکۆ و ئەندامەکانمانەوە. هه‌روه‌ها به‌مزوانه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆنلاین خولێکی فۆتۆگرافی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دواجار گه‌لان جه‌بار روو به‌ قوتابییانی زانكۆ گوتی، دەمەوێ ئاماژە بکەم بۆ زۆرێک لەوانەی کە پێشتر ئاگاداری پلاتفۆڕمی قوتابییە بەھرەمه‌ندەکانی زانکۆی سۆران نەبوون، ئه‌وا لە ڕێگەی ئەم پلاتفۆرمەوە، قوتابییانی بەشه‌ جیاوازه‌كان به‌ کردنەوەی پێشانگا و نیشاندانی چالاكی و به‌هره‌كانیان، توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتن و ته‌نانه‌ت داهاتیش به‌ده‌ستبێنن. ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵییه‌، كچان زۆر به‌ باشی هاتوونه‌ته‌ كایه‌ و له‌ چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ رێی نیشاندانی به‌هره‌كانیان، وه‌ك: شیعر،وێنەکێشان و نووسین.  ئێمە لە ھەر چالاکیێکدا لە پلاتفۆڕمەکەمان، یەکسانی جێندەری مان ڕاگرتووە و، کچ و کوڕی لێھاتووی زانکۆکەمان بە ھاوبەشی لە ھەوڵی ئەنجامدانی باشترینن بۆ کۆمەڵگا و، بەردەوامیش دەبین.