سه‌ركه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی قوتابییه‌كی زانكۆی سۆران له‌ بواری وه‌رزشی هونه‌ری به‌رگری

Sli

‎دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئاستی جیهاندا، هه‌موو چالاكییه‌كانی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت رایوه‌ستاندن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دامه‌زراوه‌ جیاوازه‌كان بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ چالاكییه‌كانیان، رێگای نوێیان وه‌پێش گرت. یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌، فیدراسیۆنی جیهانی (kobo) بوو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وه‌رزشی هونه‌ری به‌رگری و له‌ په‌نجاو سێ وڵات نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه‌. ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ هاوكاری رێكخراوی كۆنگفۆ توا ی كوردستان، چالاكییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییان له‌ژێر ناوی "جه‌نگاوه‌ری سێبه‌ر shadow fight" ئه‌نجامدا.

"ڤانا ره‌شید مه‌حمود شێخۆ" كه‌ قوتابییه‌كی قۆناغی دووه‌می به‌شی وه‌رزشی فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌یه‌، یاریزانێكی كۆنگفۆ توایه‌ و به‌شداری له‌م چالاكییه‌دا كردووه‌ و، توانیویه‌تی ببێته‌ یه‌كێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانی.

له‌ وته‌یه‌كدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران، ڤانا گوتی، من چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م یارییه‌ ده‌كه‌م و زۆربه‌ی رۆژه‌كان دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی زانكۆم، یه‌كسه‌ر ده‌چمه‌ هۆڵی وه‌رزشی و راهێنان ده‌كه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، ڤانا‌ گوتی، ئه‌م چالاكییه‌ له‌ لایه‌ن "م. جه‌بار باب یه‌زدین" كه‌ جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆبۆ و سه‌رۆكی رێكخراوی كۆنگفۆ توا یه‌ له‌ كوردستان، پێكهات. سه‌ره‌تا وا بڕیاربوو كه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان رێكبخرێت، به‌ڵام دواتر رایه‌كه‌یان گۆڕی و داوتنامه‌یان بۆ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان نارد، كه‌ سه‌ره‌نجام به‌ ١٤٧ یاریزان له‌ ١١

 وڵاته‌وه‌، له‌ژێر ناونیشانی "لە ماڵەوە لە دژی ڤایرۆسی (Covid19) دەوەستێنەوە"، پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو. وڵاته‌كانیش بریتی بوون له‌ (هه‌رێمی كوردستان/ عێراق - ئێران - تایلەند - ھیندستان - جەزائیر - جۆرجییا - میسڕ - تورکیا - ئەلمانیا - ھۆڵه‌ندا).

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كیبه‌ركێیه‌ش، ڤانا له‌ درێژه‌دا گوتی، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزشكاره‌كان له‌ وه‌رزش دانه‌بڕێن، پێویست بوو له‌ ماڵه‌وه‌ وه‌رزشه‌كانیان بكه‌ن و تۆماریان بكه‌ن و بیاننیرن به‌ سه‌رپه‌رشتیارانی رێكخراوه‌كه‌. دواتریش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوده‌كرانه‌وه‌. ڤانه‌ هه‌روه‌ها گوتیشی، ئه‌م كێبڕكێیه‌ به‌ ناوی shadow fight جه‌نگی سێبه‌ر بوو.

ڤانا دواجار زۆر سپاسی راهێنه‌ره‌كانی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ زۆر ماندوو بوون بۆ به‌ره‌وپێشچوونیان له‌ وه‌رزشه‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنه‌كان.

پێویسته‌ بگوترێ، ‎زیاتر لە ٢٠ ئافرەت بەشداری ئەم کێبڕکێیان كرد و تەنھا ٥ یان گەیشتنە قۆناغی سەرکەوتن، كه‌ ‎"ڤانا ڕەشید محموود" یه‌كێكیان بوو و توانی  بڕوانامەی ( International Quarantine CUP ) بەدەستبھێنێت.