سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، سەرەڕای هەموو ئەزموونە ناخۆش و خەفەتهێنەرەکانی، بەڵام مرۆڤیشی ناچار کرد، کە بە دوای بەدیل و جێگرەوەی گونجاودا بگەڕێت، تا ژیانی نەوەستێت. هەموو بەربەستێک لە هەناوی خۆیدا رێگایەکی دەربازبونی لەخۆگرتووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەوڵبدەین بیدۆزینەوە.

بە هۆی داخرانی دەرگای زانکۆکان لەم ماوەیەدا، بەشێکی بەرچاو لە قوتابییان، بۆ توێژینەوەو باسەکانیان تووشی کێشە دەبوون. یەکێک لەو بوارانەی، کە قوتابی و ئارەزوومەندەکانی، تووشی کیشە بوون، یاسا بوو.

یەکێک لە نیشانەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک، شارەزابوونی تاکەکانیەتی بە یاسا و چوارچێوە یاساییە رێکخراوەکانی. مرۆڤ لە رێگەی شارەزا بوون بە یاساکانی وڵاتەکەی، چوارچێوەی رەفتار و هەڵسوکەوتی خۆی رێکدەخات و بەمشێوەیە دەتوانرێ ئومێدی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی هەبێت. کەواتە رەنگە زۆرمان نەگوتبێ، ئەگەر بڵێین پێشمەرجی هەبوونی کۆمەلگەیەکی مەدەنی و ئەوڕۆیی، پەیوەستە بە لەبەردەستبوونی یاساکان و توانای دەستپێڕاگەیشتنی هەمووان بە یاساکان و ئاگادار بوون لێیان. رەنگە هەر هەستکردن بەم گرنگیەش بێت کە ''سەنار عالی مەلا عومەر''قوتابی قۆناغی پێنجەمی بەشی یاسای فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن- یان ناچار بەوە کردبێ، کە هەوڵێک بدات لە رێگەی کۆکردنەوەی یاساکان و دواجار رێکخستنیان لە بەرنامەیەکدا، بیانخاتە بەردەستی هەمووان، چ توێژەران و چ خەڵکی ئاساییش.

سەنار عالی لە لێدوانێکدا بۆ راگەیاندنی زانکۆ گوتی، '' لە كاتێكدا كە بە ناچاری بە هۆی پەتای نەخۆشی كۆڤید- 19 لە ماڵەوە قەرەنتین كرابووین، بیرم لەوە كردەوە، كە پڕۆگرامێك دابڕێژم بۆ ئەوەی سوودی هەبێ بۆ هەموو قوتابییان و توێژەران و هەموو ئەوانەی كە قوتابی خوێندنی باڵان، تا بە پشتبەستن بە مادە یاساییەكان و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بابەتی توێژینەوە، سمینار و یان سیمپۆزیەمەكانیان  دەوڵەمەند بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش هەستام بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی كە لە پەرڵەمانی كوردستان دەرچوون  لە ساڵی 1991 ەوە تا 2020 و، هەروەها هەموو ئەو یاسا بەركارانەی كە لە عێراق كاریان پێدەكرێت. تەنانەت هەموو  نوسخەی رۆژنامەكانی وەقایعی عێراق و رۆژنامەی وەقایعی كوردستانیش.''

سەنار کە دەرچووی بەشی کۆمپیوتەری پەیمانگا بووە، هەوڵیداوە بە سوود وەرگرتن لەو بوارەی، بەرنامەیەک درووست بکات و هەموو یاساکانی تێدا هاوپێچ بکات و، لەمبارەوە گوتی، '' ئەو پڕۆگرامە یارمەتی قوتابییان و توێژەران دەدات بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئەو یاسایانە لەو پڕۆگرامە داببەزێنن و چاپی بكەن، ئەمە جگە لەوەی کە تەنانەت  خەڵكی ئاسایی و پارێزەرانیش بۆ ئەو كارە دەتوانن سوودی لێ‌ببینن.''

هەر سەبارەت بە پێکهاتەی بەرنامەکە، سەنار گوتی، ''سەرەرای ئەو یاسایانە، كۆمەڵێك كتێب و سەرچاوەش لەخۆدەگریت كە لە بەشی كتێبخانە دانراون، بۆ ئەوەی لە كاتێكدا كە دەستگەیشتن بە پەرتۆكخانەی زانكۆكان ئەستەم دەبیت، ئەوان بتوانن سوودی لێببینن.''

لە بارەی چۆنیەتی سوودلێوەرگرتنیشی لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، ئەو قوتابییەی بەشی یاسا گوتی، '' ئەو پڕۆگرامە لە سەر مۆبایل و  كۆمپیوتەری دیسكتۆپ و لاپتۆپ و تەنانەت ئای پاد، بە ئاسانی كار دەكات و هیچ كێشەیەكی لە گەڵ هیچ سیستەمێكی ویندۆز یان مۆبایلی زیرەك نییە و، تەنیا دەتوانرێت بە یەك كلیك لە سەر ئەم بەستەرە(https://justpaste.it/kurdestanlaws)، سودی لێببینرێت.

بە شێوەیەکی گشتی، وەک سەنار باسی کرد، بەرنامەکە ئەمانەی خوارەوەش لەخۆدەگرێت:

  1. هەموو یاسا دەرچووەکانی هەرێمی كوردستان لە 1991ەوە تا 2020.
  2. تەواوی ئەو یاسایانەی كە لە عێراقی فدراڵەوە دەرچوون تا 2019.
  3. ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە داوای مەدەنییەوە هەیە.
  4. ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە داوای جەزاییەوە هەیە.
  5. ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە کۆمپانیاو و بانکەكانەوە هەیە .
  6. هەموو ئەحكام و بڕیارەکانی مەحكمەی باڵای ئیتحادی لە ساڵی 2005ەوە تا 2020 .
  7. هەموو تەشریعات و قانونەكانی عێراق لە ساڵی 2006 ەوە تا 2011 .
  8. هەموو رۆژنامەكانی وەقایعی عێراقی لە ساڵی 1970ەوە تا 1989 .
  9. پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكانی پارڵمان لە ساڵی 2007 ەوە تا 2012 .
  10. هەموو رۆژنامەكانی وەقایعی كوردستان لە ساڵی 1991ەوە تا 2020.

118626782_1336306433378864_1947932039234922956_n.png 118636845_312495810058950_2624652554648292499_n.png 118699448_1252257731833327_4171833652490387917_n.png

118762123_373438510324258_2842298173733151120_n.png sanar.jpg