پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناكان پڕۆگرامێكی ساڵانه‌یه، كه سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كار به هاوبه‌شی له گه‌ڵ ڕێكخراوی IREX ی ئه‌مریكی و نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. له‌م پڕۆگرامه‌دا قوتابییانی قۆناغی سێیه‌می به‌شه جیاجیاكانی فاكه‌ڵتییه‌كان، بۆ ماوه‌یه‌ك کە كه‌متر نه‌بێت له ١٠٠ كاتژمێر، له دامه‌زراوه‌یه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت یان گشتی راهێنان دەکەن. ئەمساڵیش سەرەڕای بەربەست و تەنگ و چەڵەمەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام قوتابییانی قۆناغی سێیەمی بەشە جیاوازەکانی زانکۆی سۆران، لە چوارچێوەی هەمان پڕۆگرامدا، خەریکی راهێنانی پیشەیی خۆیانن.
دانەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کاری زانکۆی سۆران، لە لێدوانێکدا بۆ راگەیاندنی زانکۆی سۆران، گوتی، ئامانج له‌م پڕۆگرامه بریتییه له ڕێکخستنی ئەزموونی کار، کە پەیوەستە بەو بەشەی قوتابی دەیخوێنێت یان ئامانجی پیشەکەیەتی. قوتابی له ڕێگای ئه‌م پڕۆگرامەوە ده‌توانێت ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو به شێوه‌ی تیۆری فێری بووه، له‌و شوێنه‌ی ڕاهێنانی تێدا ده‌بینێت به شێوه‌ی پڕاكتیكی جێبه‌جێی بكات. له لایه‌كی تریش، قوتابی ده‌توانێت دیدگای خۆی بۆ ئه‌و پیشه‌یه‌ی دڵخوازیه‌تی دیاری بكات. ئه‌م پڕۆگرامه زیاتر گرنگی به كه‌رتی تایبه‌ت ده‌دات، واتا وه‌ك پردێكه له نێوان قوتابییان و كه‌رتی تایبه‌ت، چونكه قوتابی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی كه‌سێكی پڕۆفێشناڵ له شوێنه‌كه‌دا ڕاهێنانی پێده‌كرێت و، هه‌لی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌و ماوه‌یه‌دا زیره‌كی و لێهاتوویی خۆی بۆ ئه‌و شوێنه بسه‌لمێنێت و دواجار کار بەدەست بێنێ.
دانەر عەبدوڵاو سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆگرامەکە گوتی، له وه‌رزی هاویندایە و له نێوان مانگی حه‌وت بۆ مانگی نۆ ئه‌نجامده‌درێت.
سەبارەت بە رێژەی بەشداری قوتابییانیش، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار گوتی، له ساڵی ٢٠١٨ ته‌نها ١٢ قوتابی زانكۆی سۆران لێی سودمه‌ند بوون به به‌شداری 3 كۆمپانیا، به‌ڵام بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕێژه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌وه به شێوه‌یه‌ك كه ٦٥ قوتابی له ١٨ كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ی جیاجیا توانییان به سهركوتوویی پڕۆگرامه‌كه به كۆتا بێنن. بۆ ساڵی ٢٠١٩ به‌رزترین كاتژمێری ڕاهێنان كردن ٣١٢ كاتژمێر بووه، كه قوتابییەك بووه له زانكۆی سۆران و ئه‌مه به‌رزترین ڕێژه‌ی كاتژمێری كاركردن بووه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو زانكۆكاندا.
بۆ ئەمساڵیش، وەک دانەر عەبدوڵا گوتی، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی خوێندن و یەک لەوانیش پرۆگرامی راهێنانی تواناکان هەبوو، به‌ڵام دوای خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ بارودۆخه‌كه له لایه‌ن ستافی سه‌نته‌ر، وه‌ك تاكه زانكۆ بڕیارماندا به ده‌ستپێكردنی پڕۆگرامه‌كه و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان، کە خۆشبه‌ختانه له كۆتایی مانگی تهمووز به به‌شداری 43 قوتابی له فاكه‌ڵتییه جیاجیاكان و ١٥ كۆمپانیا و فه‌رمانگه، پڕۆگرامه‌كه ده‌ستیپێكرد، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
سەبارەت بە شێوازی هەڵسەنگاندنی قوتابییانیش، بەڕێوەبەری سەنتەر گوتی، هه‌ر قوتابییەك ٤ جار هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت، ٢ جار له لایه‌ن سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كار و٢ جاریش له لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كه. به‌شێك له قوتابییان دوای ته‌واوكردنی پڕۆگرامه‌كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی كارامه‌یی، به‌ڵێنی پێدانی كاریان له لایه‌ن ئه‌و شوێنه‌ی ڕاهێنانی تێدا ده‌بینن پێده‌درێت. له كۆتایی پڕۆگرامهكهشدا هه‌ر قوتابییەك بڕوانامه‌ی به‌شداریكردنی له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوی ئایرێكس پێده‌درێت.
ئەحمەد شێرزاد، قوتابی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فاکەڵتی یاسا‌و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن، کە وەکو قوتابییەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم راهێنانی کردووە، گوتی، ئەزموونێکی زۆرباش و گرینگم بەدەست هێنا لەسەر کارووباری دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەنجامدانی ئەم ئینتێرنە لەکاتێکدایە ئێمەی قوتابی لە زانکۆ ئاشنایی تیۆری تەواوەتیمان پێدەدرێ، بەمجۆرە لەڕێگەی سەنتەری کاری زانکۆکەمان توانیمان لە لایەنە کردارییەکەش سوودی لێوەربگرین.
هەر سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە راهێنانی ئەمساڵدا، زەهرا کەمال ئەنوەر، قوتابی فاکەڵتیی زانست لە به‌شی زانستی کۆمپیوتەر، کە لە کۆمپانیای ڤانه لە هەولێر خەریکی راهێنانە، گوتی، باشترین ده‌رفه‌ت بوو بۆ من و توانیم ئه‌زموونێكی باش بەدهستبێنم له بواری گرافیك دیزاین و كاركردن به بهرنامەكانی (Photoshop ,Adobe illustrator) و هەموو ئەو ئامرازانەی کە پێویستن.
مونا بەهجەت، کە قوتابییەکی بەشی بایۆلۆجی فاکەڵتیی زانستە و لە تاقیگەی فارما لە سۆران، خەریکی راهینانە، بۆ راگەیاندنی زانکۆ دوواو گوتی، من سودێکی زۆرم لەم پڕۆگرامە بینی و ئەزموونی نوێم بەدەستهێنا، هەم لە بارەی کارکردن لە تاقیگە و کارکردن لەگەڵ ئامێرە هەستیارەکان، هەم لە بارەی کارامەییە جۆراوجۆرەکانی وەک کارکردن بە گرووپ، پابەندبوون، نەرمونیانی، خۆڕاگری و ڕەوشتی کارکردن.
سەرهەنگ مه‌هدی، کە قوتابییەکی دیکەی زانکۆی سۆرانە لە بەشی زانسستە گشتییەکانی فاکەلتی پەروەردە و بەشداری پڕۆگرامەکەیە و لە نەخۆشخانەی ئاشتی خەریکی راهێنانە، گوتی، هەر لە پارەوە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەم پڕۆگرامە بە سوود و گرنگە بووم و بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ توانیم بەشداری بکەم. بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەم پڕۆگرامە ئەزموونێکی یەکجار گرنگی ژیانمە لە رووی پیشەییەوە، چونکە بە واقعی و کرداری دەکەوینە ناو پسپۆڕی خۆمانەوە، ئەوەش سوودێکی یەکجار زۆری هەیە.
چەند وێنەیەکی پەیوەست بە قوتابییان لە کاتی راهێنان لە دامەزراوە جیاوازەکاندا: