لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی باشترین دیبلۆماتکار خەڵاتکران
چەند قوتابییەکی زانکۆی سۆران بەشدارییان لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی باشترین دیبلـوماتکار کرد. وەک گەنجانی دیبلۆماتکار بەشدار بوون و خەڵاتێکی جیهانییان بەدەستهێنا. کۆنفڕانسەکە ساڵانە بە ئامادەبوونی گەنجان لە سەر ئاستی جیهانی سازدەکرێت و ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەچوو.
هەر یەکە لە سەفین حەیدەر عوسمان و ئومێد عەزیز محەمەد عەلی قوتابیی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن لە فاکەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن؛ هەروەها و محەمەد مەسیح شوکری دەرچووی هەمان بەشە. ئەوان وەک گەنجی دیبلۆماتکار و پانێلیست لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون. توانیان نوێنەرایەتیی گەنجانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە کۆنفڕانسەکە ڕۆڵیان هەبێت و گفتوگۆ و دیداری تایبەت ئەنجام بدەن. دواتریش لە کۆتا ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا، هەرسێ قوتابییەکەی زانکۆی سۆران وەک گەنجی دیبلۆماتکار هەڵبژێردران و خەڵاتی جیهانیان پێبەخشرا.
بۆ ئەمساڵ، کۆنفڕانسەکە لە ٤ـی مارسی ۲۰۲۲، لە وڵاتی تورکیا، دەستی بە کارەکانی کرد و چوار ڕۆژی خایاند. گەنجانی زیاتر لە پەنجا وڵات بەشداربوون و گفتوگۆ لە سەر چەندین بابەتی جیاواز کرا. لە ناو ئەو بابەتانەشدا، کێشەکانی گەنج و بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسی و پرسی جیهانی وەک کێشەی نێوان ئازربایجان و ئەرمینیا هەروەها هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە بابەتە گرنگەکان بوون.
زانکۆی سۆران شانازیی بە قوتابیان و دەرچووانیەوە دەکات کە هەمیشە توانیویانە پەرە بە زانست و تواناکانیان بدەن و لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی شایستە بگێڕن. سەفین و ئومێد و محەمەد لە شانازییەکانی زانکۆی سۆران؛ وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیشیان بۆ دەخوازین.