Sli

زانکۆی سۆران لە سێیەمین پێشانگای هایتێکس بەشداریی دەکات

 

 

قوتابیانی زانکۆی سۆران بە پێنج پڕۆژە دەچنە ناو پێشبڕکێکانەوە.

زانکۆی سۆران بەشداری لە سێیەمین پێشانگای هایتێکس بۆ تەکنەلۆجیا دەکات. قوتابیانی زانکۆی سۆران بە پێنج پڕۆژە بەشداریی لە بەشی پێشبڕکێی پێشانگاکەدا دەکەن. ڕاگەیاندنی زانکۆ هەوڵەکانی پەیوەست بە پێشانگاکە و بەشداریی قوتابیانی زانکۆ دەگوازێتەوە.

هایتێکس گەورەترین پێشانگای ساڵانەی تەکنەلۆجیایە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان. ساڵانە چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەکەن و پڕۆژە و داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆژیای تێدا نمایش دەکەن. پێشانگاکە ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی تا ٧ـی ئێوارە کراوە دەبێت.

گرنگترینی پڕۆژەکانی قوتابیانی زانکۆی سۆران بریتین لە:

- پڕۆژەی ئاگاداریی تەقەمەنی و مین: ئەپڵیکەشنێکی مۆبایلە لە ڕێگەیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەدەنێرێت بۆ بەکاربەرانی ئەگەر لە کێڵگە مینڕێژکراوەکان نزیک بکەوێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان سوود لە ئەپڵیکەیشنەکە ببینێت و لە پڕۆژەکانیدا بەکار ببات.

- پڕۆژەی سەلامەتیی مەلەکردن: پڕۆژەیەکە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری شارستانییەوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەو شوێنانەی کە مەلەوانی کردن قەدەغەیە. ئەپڵیکەشنەکە زانیاریی سەبارەت سەلامەتیی مەلەکردن لە ڕووبار و دەریاچە سرووشتییەکان دەدات بە بەکاربەرانی.

- پڕۆژەی نۆرەنووسینی ئۆنلاین بۆ پزیشکەکان: پڕۆژەیەکە لە ڕێگەیەوە نەخۆشەکان دەتوانن چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشکەکان وەربگرن. ڕۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی کلینکە پزیشکییەکان و سەردانیکەرانیش کەمتر لە پرسگەکاندا چاوەڕوانی دەکەن.

- پڕۆژەی ناسینەوەی گوتاری خۆکار: ئەمە هەروەها بە پڕۆژەی گۆڕینی قسەکردن بۆ دەقیش ناسراوە. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی داڕشتنی سیستمێکی ناسینەوەی دەنگی ئۆتۆماتیکییە بۆ زمانی کوردیی سۆرانی. بە سوودوەرگرتن لەم پڕۆگرامە دەتوانرێت قسە بۆ نووسین و نووسین بۆ قسە بگۆڕدرێت.

- پڕۆژەی تۆڕی ئینتەرنێتی ئەلیکترۆنی: ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە ئەپڵیکەیشنێکی سەربەخۆ لە وێبی ئەلیکترۆنی. لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت خزمەتگوزاریی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین پێشکەش بکرێت.

هایتێکس پێشانگایەکی تەکنەلۆجیای زانیاریی ساڵانەی کۆمپیوتەر و ئەلکترۆنییە. ساڵانە لە هەولێر و بە بەشداریی چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. پیشەوەر و  بازرگانەکان دەتوانن لە ڕێگەی هایتێکسەوە دەستیان بگات بە دوایین بەرهەم و داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆژیا. هایتێکس ڕێگە بە بەشداران دەدات کە مامەڵە و هاوبەشی بازرگانی بکەن لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا. لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکس بەشداران لەگەڵ کڕیارەکان دەتوانن پەیوەندی ڕاستەوخۆ دروست بکەن و پڕۆژەکانیان بفرۆشن. هەر لە هایتێکس چەندین یاریی سەرگەرمی،  سیمینار و پێشبڕکێ بەڕێوەدەچن.

ڕۆژی دووشەممە پێشانگاکە بەرێوەدەچێت و دەیان داهێنانی تەکنەلۆژی و چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە کێبڕکێدا دەبن. قوتابیانی زانکۆی سۆرانیش بە پێنج پڕۆژە دەچنە ناو پێشبڕکێکانەوە. ساڵی ڕابردوو، زانکۆی سۆران بووە براوەی باشترین داهێنانی بواری تەکنۆلۆجیا و خەڵاتێکی چوار ملیۆن دیناریی بردەوە کە خەڵاتی یەکەم بوو.

ڕاپۆرت: زەهرا سەمەد

وێنە: ئاسۆس ئەرگوشی