خولی ڕاهێنانی هاوینەی ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی سۆران لە وڵاتی میسر کۆتایی هات. ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی سۆران پێشتر گەشتیان بۆ میسر کرد و خولێکی ڕاهێنانیان لەو وڵاتە بە سەرکەوتوویی بەڕێکرد.ئەم گەشتە زانستییە بەشێک بوو لە جێبەجێکردنی پلانی ئەو هاوئاهەنگییەی کە زانکۆی سۆران لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ڕاهێنانی هاوینە هەیەتی.
ژمارەی قوتابییەکانی زانکۆی سۆران بریتی بوو لە نۆ قوتابی. نۆ قوتابییەکە لە فاکەڵتی و بەشە جیاوازەکانی زانکۆی سۆران بوون. ڕۆژی شەممە، ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان کردبوو و گەشتبوونە قاهیرەی پایتەختی میسر. لەوێ بۆ ماوەی سێ هەفتە مانەوە و لە زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە قاهیرە ڕاهێنانەکەیان بینی. قوتابییەکان دوای وەرگرتنی زانیاری لە بوارەکانیان و تەواوکردنی خولەکە بە سەرکەوتووانە، ڕۆژی شەممە ۲۷ـی ئابی ۲۰۲۲، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژەپێدانە، دەستنیشانکردنی ئەم قوتابیانە بۆ ئەم گەشتە زانستییە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی داواکاری بە شێوەی ئۆنلاین و پاشان ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەوە بوو.
پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ تا ١٧ـی مارسی ٢٠٢٢، شاندێكی سهرۆكایهتیی زانكۆی سۆران بهشداری لە ٢٧ـەمین خولی دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی له زانکۆی میسر بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە میسر کردبوو. شاندهكه له ههر یهكه له بهڕێزان پ. د. سیروان زهند، یاریدهدهری سهرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و د. ڕزگار سهعید، یاریدهدهری سهرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابیان پێكهاتبوون. لەو سەردانەدا، ئهنجامدانی مهشقی هاوینه و ڕاهێنانی داهێنانكارانه له نێوان قوتابیاندا تاوتوێ کرا و هەروەها لە سەر بەرنامەی ئاڵوگۆڕی قوتابیی نێوان زانکۆکان ڕێک کەوتن. گەشتی ئەم ٩ قوتابییانە بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئەو دیدارە.