قوتابییانی بەشی مێژوو لە گەشتێکی زانستیدا بۆ شوێنەواری خنس و پەرستگای لالش

Slider

 

لە چوارچێوەی چالاکیە زانستیەکان بەپێی پێواژۆی بۆلۆنیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی٢٠٢٢/١٠/٢٩، قوتابییانی قۆناغی دووەمی بەشی مێژوو لە فاکەڵتی ئادابی زانکۆی سۆران، بەسەرپەرشتی بەڕێزان (م. ئارارات احمد علی) و (م. صلاح الدین باقی حسین) گەشتێکی زانستیان بۆ هەردوو شوێنەواری خنس و پەرستگای لالش ئەنجامدا.

سەردانی یەکەمیان بۆ شوێنەواری خنس بوو کە یەکێکە لە پاشماوە شوێنەواریە هەرە گرنگەکانی ئاشوریەکان لە کوردستان, بریتیە لە پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕاکێشانی ئاو لە ڕوباری گومل لە خنس(خانوسا لە کۆندا) بۆ شاری نەینەوا, بەدووری نزیکەی ٨٠ کم لەلایەن پاشای ئاشوری سین-خا-ریب(٧٠٤_٦٨١ پ.ز).

لە شوێنی پاشماوەی شوێنەواری پڕۆژە مێژووییەکەدا هەریەکە لە قوتابی (شۆخان عبدالرحمن) و (م.صلاح الدین باقی حسین), بەدوو سیمیناری جیا باسیان لە مێژوو و گرنگی  پڕۆژەکە کرد، پاشان قوتابیان بە پرسیار و سەرنجەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

وێستگەی دووەمی گەشتەکە پەرستگای لالشی ئێزدیەکان لە شێخان بوو، لەوێ لەلایەن کەسایەتییە ئایینیە ئێزدیەکانەوە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا. پاشان (سەیدا سەرۆ ئێزدی) باسی لە چەند لایەنێکی بیروباوەڕی ئێزدیەکان کرد، لەوانە چیرۆکی دروستبوون(قصة الخلق) و جەژن و بۆنە گرنگەکانیان و کەسایەتی و پیاوە ئاینیەکان، قوتابییانیش بە کۆمەڵێک پرسیار گفتۆگۆیەکەیان گەرم و گوڕتر کرد.

جێگای خۆیەتی بەناوی سەرۆکایەتی بەشی مێژوو، سوپاسێکی تایبەتی کارگێڕی شوێنەواری خنس و پەرستگای لالش بکەین بۆ پێشوازی گەرمیان.

سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و فاکەڵتی ئاداب و بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری لە زانکۆ و شوفێرە بەڕێزەکانیش دەکەین کە هاوکاری تەواویان کردووین بۆ ئەو گەشتە. هەروەها سوپاسی مامۆستایانی سەرپەرشت و ڕێکخەر و مامۆستایانی یاوەری گەشتەکە و سەرجەم قوتابییان دەکەین بۆ ماندووبوونیان و پابەندیان بە ڕێنماییەکان.