قوتابیانی بەشی کۆمەڵناسی گەشتێکی زانستی بۆ دەڤەری بارزان ئەنجام دەدەن

Slider

 

لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکان بەپێی پێواژۆی بۆلۆنیا، ڕۆژی پێنجشەممە ۳ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲، قوتابیانی قۆناغی چوارەمی بەشی کۆمەڵناسیی (بەیانیان-ئێواران) لە فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران، لە چوارچێوەی وانەی جینۆساید، بە مەبەستی خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسییانە بۆ تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکان و قۆناغەکانی، کە تیایدا (٨٠٠٠) هەزار بارزانی لە ڕەگەزی نێر کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران؛ بە سەرپەرشتی مامۆستا کاروان محەمەد، سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی، مامۆستا دلشاد سەبری و مامۆستا سەعدوڵا جیهانگیری، گەشتێکی زانستی بۆ دەڤەری بارزان ئەنجامدا.

لە دەستپێکی گەشتەکەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزانیان کرد. لەلایەن بەڕێز ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، نووسەر و توێژەری کۆمەڵایەتی، پێشوازیان لێکرا. بەڕێزیان کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکییەکان و ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی پێشکەش بە قوتابیان کرد.

دواتر، هەر بە یاوەری بەڕێزیان، کە باوکی، هەردوو باپیرە، مام، دوو خاڵ و (١٥٠) کەس لە نزیکەکانی جینۆسایدکراون، سەردانی مۆزەخانەی مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکانیان کرد. بەڕێزیان سیمینارێکی پێشکەش بە قوتابیان کرد. تیایدا باسی جینۆسایدی بارزانییەکان و قۆناغەکانی ئەنجامدانی پڕۆسەکەی کرد. هەروەها، باسی لێکەوتە کۆمەڵایەتی، کولتووری، بایۆلۆژی، دەروونی، سیاسی و ئابوورییەکانی جینۆسایدی بارزانییەکانی کرد.

پاشان لەسەر مەزاری بارزانییەکان لەلایەن ریزدار خەڵات بارزانی پێشوازیان لێکرا. بەڕێزیان باسی گرینگی پێکەوە ژیان و یەکگرتووی گەلی کوردستانی کرد بۆ ئێستای نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕووبەڕووی جینۆساید، ئەنفال و کیمیاباران نەبێتەوە.

لە دوا وێستگەی گەشتەکەدا، سەردانی گۆڕستان و مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکانیان کرد. کە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە ڕووفاتی ئەو بارزانییە جینۆسایدکراوانەیە کە گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان. هەر لەوێدا، لەلایەن بەڕێوەبەرانی مۆنۆمێنتەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. کورتە باسێک سەبارەت بە گرنگی مۆنۆمێنتەکە و پەیامەکانی شێوەی دروستکردنی ڕوونکرایەوە.