قوتابیانی بەشی مێژوو گەشتێکی زانستیان بۆ شاری ھەولێر ئەنجامدا

Slii

 

 ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، قوتابیانی قۆناغی سێیەمی بەشی مێژووی فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران، گەشتێکی زانستیان بۆ شاری هەولێر ئەنجامدا. گەشتەکە لەلایەن بەڕێزان د. بژار عوسمان، م. چنور جەعفەرەوە سەرپەرشی دەکرا. گەشتەکە وەک بەشێک لە چالاکییە مەیدانیەکانی کۆرسەکانی خوێندنی ئەو قۆناغەی قوتابیان بوو، کە تێیدا ئاشنای چەند شوێنێکی پەیوەندیداربوون.

وێستگەی یەکەمی گەشتەکە بەشی خوێندنی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین بوو، لەوێ لەلایەن بەڕێز د. بارزان بەرزنجی، سەرۆکی بەش، مامۆستا (خوو) مامۆستای زمانی چینی و مامۆستایانی دیکە و قوتابیانی بەشی ناوبراو پێشوازی کران. وێڕای گۆڕینەوەی زانیاری سەبارەت بە فەرهەنگ و کەلتوری چینی لەگەڵ مامۆستایانی چینی، لە بەشێکی سەردانەکەدا، خاتوو سیڤان فەرمان، قوتابی بەشی مێژووی زانکۆی سۆران سیمینارێکی سەبارەت بە (دروستبوونی کۆماری میللیی چین) پێشکەشکرد.

دواتر لە درێژەی گەشتەکەدا، قوتابیانی بەشی ناوبراو، سەردانی کتێبخانەی (زەیتوون)یان کرد کە کتێبخانەیەکی گشتییە و لەلایەن کارمەندانی کتێبخانە پێشوازیان لێکرا و ئاشناکران بە بەشە جیاوازەکانی کتێبخانەکە.

کۆتا وێستگەی گەشتەکە سەردانکردن بوو بۆ قەڵای هەولێر، قوتابیان بەشە جیاوازەکانی قەڵایان بەسەرکردەوە و زانیاری پێویستیان پێدرا لە سەر مێژووی دێرین و قۆناغە جیاواز و شوێنەوارەکانی قەلا.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنی زانکۆی سۆران: د. ستار شێخ حەسەن، سەرۆکی بەشی مێژوو، ئەم جۆرە گەشتە زانستیانەی بەپێویست زانی. ھەروەھا، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هەریەکە لە بەشی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین، بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەی زەیتون و سەرپەرشتیارانی قەلای هەولێر کرد، لەبەرامبەر پێشوازی و هاوکاری و ھەماھەنگیان.