قوتابیانی بەشی کۆمپیوتەر سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری دەکەن

Sli

 

ڕۆژی دووشەممە، ٥ـی کانونی یەکەمی ۲۰۲۲، قوتابیانی قۆناغی سێیەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەری فاکەڵتیی زانستیی زانکۆی سۆران، بە مەبەستی ئاشنابوون بە بەکارهێنانی ئامراز و سیستەمی تەکنەلۆجیای سەردەم، گەشتێکی زانستی بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی گەشتەکەدا، لەلایەن تیمێکی تایبەتی فەرمانگەکەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک قوتابیان بە شێوەی تیۆری ئاشناکران بە تەواوی کەرستە و پێداویستییەکان، چۆنیەتی کارکردنی بەکۆمەڵ (تیم ۆرک) لە فەرمانگەکە و شێوازی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنەکانیان. هەروەها، زانیاریان پێ درا لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ داواکاری فەرمانگەکان و دروستکردنی سیستەمەکانیان.

دواتر، گفتوگۆیەکی زانستیی تێر و تەسەل لە نێوان قوتابیان و تیمی پێشکەشکار ئەنجام درا. ڕا و سەرنج و پرسیار لە نێوانیاندا سەبارەت بە کارکردنی فەرمانگە و هەماهەنگی لەسەر بەکارهێنانی سیستەمی سەردەم لە دامودەزگا میرییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. پاشان، قوتابیان ئاشناکران بە تیمەکانی کارکردنی ناو فەرمانگەکە، ئامراز و پێداویستییە بەردەستەکان و ئەو سۆفتوێرانەی کە بەکاردەهێندرێن بۆ پێشخستن و درستکردنی ئەپڵیکەیشنەکان، بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن زیاتر ڕاهێنانیان لەسەر بکەن بۆ داهاتوویان.