سەنتەری توێژینەوەی زانستی

 

سەنتەری توێژینەوەی زانستی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی هاوبەشە، کە لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی لیستەر لە مانگی چواری ٢٠١٣ دامەزراوە.

زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە سەرتاسەری جیهان بە تایبەتی لە وولاتە پێشکەوتووەکان، قورسایی کارکردنییان دەخەنە سەر پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. بە درێژایی چەندین دەیە توێژینەوەی زانستی لە کەشێکی کێبرکێ ئامێزدا، سەرەکیترین رێچکەی خەباتی ئەکادیمی بووە بۆ پێشخستنی زانست و پیشەسازی و ئابووری. هەر ئەم هۆیەش خولقێنەری بیری دامەزراندنی سەنتەرێکی توێژینەوەی زانستی بووە لە زانکۆی سۆران. بەرنامەی کاری سەنتەری توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سۆران، بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان لە دوو بواری جیا بە پسپۆڕی جیاواز، ئەوانیش زانستە پراکتیکییەکان و زانستە مرۆڤاییەتیەکانه‌.

     

لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سۆراندا، زانستی زەویناسی نەوت وەکو کرۆکی پرۆگرامی توێژینەوەی زانستە کردارییەکان هەلبژێردراوە. نەک تەنها بە هۆی لەخۆ گرتنی چالاکی و تایبه‌تمه‌ندی پسپۆرییە جیاجیاکان، وەکو: زانستی زەویناسی، بایۆلۆجی، زانستی کیمیا، زانستی فیزیا و زانستی ماتماتیک، بەلکو هۆکاری تریشی له‌ پاڵدا هه‌ن، ئەوانیش پڕکردنەوەی پێداویستی زانستی و ئابووری کوردستانن، كه‌ خۆی له‌ پرکردنەوەی بۆشایی پیشەسازی نوێی نەوت دەبینێتەوە لە کوردستان. هەروەها ئامانجەکانی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سۆران، بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە بواری زەویناسی نەوت سنوردار نەکراون، بەلکو پەل دەکێشن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە پسپۆری تری وەکو ژینگە و زانستی ژینگەناسی، زانستی کیمیا، زانستی ژیانی گەردی، زانستی کەش وهەوای کۆن، دروستکردنی هاوکێشەی بیرکاری و سیستەمی زانیاری جوگرافی و هەروەها کارکردن لە بوارێکی نوێی توێژینەوە، ئەوەش پسپۆڕی پێوانەی ژیانییە (ئەم بوارە لە زۆربەی زانکۆ پلە یەکەکانی جیهان بابەتێکی هەنوکەیی و زیندووە بو ئەنجامدانی توێژینەوە).   

   

ئامانجەکانی سه‌نتەری توێژینەوە:

سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی سۆران خاوەنی رۆڵێکی تایبەتمەندە وەکو دامەزراوەیەکی پێشڕەو لە کوردستان، کە خاوەنی دانپێدانانی نێودەوڵەتییە بۆ ئەنجامدنی توێژینەوەی زانستی. ئەمەش بە هۆی هەبوونی ئامانجگەلێکی گەورە بەرجەستە بووە، کە خۆی لەم خالانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

١. خزمەتککردنی کۆمەلگا.

٢. پێشڕەویکردنی توێژینەوەی زانستی لەبواری زانستە کرداری و مرۆڤایەتییەکان لە کوردستان.

٣. بلاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە جیهانییە ئاست بەرزەکان.

٤. پاراستن و پاڵپشتی کردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی توێژینەوەی زانستی.

٥. ئەنجامدانی پرۆژەی توێژینەوەی خوێندنی باڵا.

٦. پێگایاندنی زانای گەنج.

٧. دروستکردنی پەیوەندی و هاوبەشیکردنی زانستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕکردنی تواناکان.

٨. ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی توێژینەوە پیشەسازییەکان بە تایبەتی لە بواری نەوت.