Dr Sherwan

پەیامی بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران؛ بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح و پشووەکانی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە

 

قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی زانکۆی سۆران

لە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیحدا، پیرۆزبایی لە کۆمەڵەی کریستیانەکانی ناو زانکۆی سۆران و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەم. هەروەها ئەم یادە لە خۆمان، قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی دیکەی زانکۆ پیرۆز دەکەم. زانکۆکەمان شانازیی بەوەوە دەکات کە پابەندی بنەماکانی فرەیی و ڕێزگرتن لە فرەیی و فرە چەشنییە.

کریستیانەکانی زانکۆی سۆران، لە ناو قوتابیان، فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆدا نموونەی کەسی دڵسۆز و بەتوانان و ڕێزلێگیراون. ئێمە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح وەک یادێکی هاوبەشی نێوان موسوڵمانان و کریستیانەکان سەیر دەکەین و لەم ڕۆژەدا شادی و خۆشەویستیی خۆمان لەگەڵ هەمووان بەش دەکەین. هیوادارین یادکردنەوەی ئەمساڵ ئارامیی زیاتر بۆ ناو دڵ و دەروونی هەموومان بێنێت.

خۆشەویستان،

ڕێگە بدەن ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە، تا پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی زاینی لە هەمووان بکەم. هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی زاڵبوون بێت بە سەر بەربەستەکانی ژیان و خوێندندا. من لێرەدا هانتان دەدەم ئەم بۆنەیە بکەنە بیانوویەک بۆ دیارییکردنی ئامانجە کەسییەکانی خۆتان و هەروەها داڕەشتنی پلان و میکانیزمی شایستە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە. هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی فێربوونی زیاتر بێت؛ هەروەهاش ساڵی فراوانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیەکانتان بێت. گرنگە هەر یەک لە ئێمە، لە دڵی خۆماندا، ساڵی ٢٠٢٢ بە ناوێک ناوزەد بکەین؛ وەک ساڵی خوێندنەوە، ساڵی توێژینەوە، ساڵی بەرهەم، ساڵی پێداچوونەوە، یان هەر ناو و ئامانجێکی دیکە کە بتوانین بە هۆیەوە خزمەت بە خۆمان و کۆمەڵگاکەمان بکەین.

قوتابیانی خۆشەویست،

هیواخوازم لەم چەند ڕۆژەی پشوودا زۆرترین خۆشیی ببینن و لەگەڵ ماڵەوە و دۆستانتان کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. هاوکات جێی خۆیەتی ئەوەتان بە بیر بهێنمەوە کە پشووەکانی ئەمساڵ هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەر\کۆرس یان نیوەی ساڵ، هەر بۆیە دەشتوانن بۆ خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوە سوود لەم پشووانە وەربگرن. هیوادارم پشوویەکی خۆش و بەسوودتان هەبێت؛ لە قوولایی دڵیشمەوە هیوادارم ساڵی داهاتوو ساڵی گەشەکردن و بوژانەوە، ساڵی ئارامی و پێداچوونەوە، ساڵی ڕەحمەت و بەرەکەت بێت.

بەڕێزان،

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی پشووکانی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینیی دەکەینەوە کە بەشێک لە هاونیشتیمانیانمان لە شاری هەولێر و دەوروبەری، بە بۆنەی لافاوەکانی ئەم دواییەوە، ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە. لێرەوە سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان، هانی هەموو لایەک دەدەم بە گەرموگوڕییەوە بەشداربن لەو کەمپەینانەی کە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووان پێکهێنراون. هانی کەسانی خۆبەخش دەدەم بچنە ناو کەمپەینەکانەوە و هانی کەسانی خێرخوازیش دەدەم تا وەک هەمیشە لە دەستگرتن و دڵدانەوە و دڵنەوایی لێقەوماوان بەردەوام بن.

لە کۆتاییدا، هیوادارم یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح هاندەرمان بێت بۆ خوێندنەوەی ژیان و قوربانیدانەکانی ئەو پەیامبەرە مەزنە تا لێیەوە وانەیەکی دیکەی دڵسۆزی و خزمەتکردن فێر بین و لە ژیانماندا ڕەنگ بداتەوە. هیواداریشم ساڵی نوێی زایینی، ٢٠٢٢، ساڵی بەدیهاتنی ئامانجەکانمان و دەستنیشانکردنی چەند ئامانجێکی دیکەی پیرۆز بێت. جارێکی دیکە بە ناوی خۆم و ئەنجوومەن و  ستافی بەڕێوەبردنی زانکۆی سۆرانەوە، پیرۆزبایی ئەم یادانە لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان و کەسوکاریان دەکەم.

پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس

سەرۆکی زانکۆی سۆران