ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه رێكه‌وتی ٥/٦/٢٠١٤ له رۆژی جیهانی ژینگه‌دا، له فاكه‌ڵتی ئاداب و به ئاماده‌بوونی "كرمانج عزه‌ت" قایمقامی سۆران، نوێنه‌ری سه‌رۆكی زانكۆی سۆران "د.یادگار رسول" و "د. قیس كاكل" ڕاگری فاكه‌ڵتی ئاداب و ستافی كارگێری و ئه‌ندامانی "ڕێكخراوی وار" بۆ پاراستنی ژینگه، به چه‌ند چالاكییه‌كی جواروجۆر رێز له رۆژی جیهانی ژینگه گیرا.
له سه‌ره‌تای چالاكییه‌كاندا، پێشانگایه‌كی وێنه‌ی جوراوجۆر كه ئاماژه‌یان بۆ پیسبوون و تێكچوونی ژینگه ده‌كرد، له لایه‌ن ڕیكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه، كرایه‌وه، دواتر سمینارێك بۆ "د.شێروان شه‌ریف" سه‌رۆكی به‌شی جوگرافیا و پسپۆری بواری ژینگه له ژێر ناونیشانی "ئه‌ركی ئێمه له ژینگه‌دا"، رێكخرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی چالاكییه‌كاندا، كورته فیلیمێك له سه‌ر پیسبوونی ژینگه و هۆكار و كاریگه‌رییه‌كانی له سه‌ر مرۆڤ، نیشان درا.
پاشان له بڕگه‌یه‌كی تردا هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مام چاندن له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه، به‌ڕێوه چوو.
له وته‌یه‌كیشیدا "د. قه‌یس كاكل" راگری فاكه‌ڵتی ئاداب، رێزی له هه‌موو ئه‌و مرۆڤه ژینگه‌پارێزانه‌ی فاكه‌ڵتی ئاداب گرت كه به هه‌وڵی به‌رده‌وامییان، توانیوییانه ژینگه‌یه‌كی له‌بار و خاوێن بۆ مامۆستایان و قوتابییان و فه‌رمانبه‌ران بخوڵقێنن. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێزی تایبه‌تییان لێ نرا.
راپۆرت و وێنه: رۆژهات مه‌هدی